٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایان: هەرێمی كوردستان ڕوو لە بووژانەوە و هەڵستانەوەیە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێ، زۆر پڕۆژە لە شاری هەولێر بە هۆی قەیرانی داراییەوە وەستاون، بەڵام ئومێد دەكرێت داهاتووی كوردستان بەرەو ئەوە هەنگاو بنێت كە قەیرانەكان تێپەڕێندرێن و دووبارە دەست بە كاركردن لە پڕۆژە گەورەكاندا بكرێتەوە.

دوای چوار ساڵ لە قەیرانی دارایی لە كوردستان، ئێستا جۆرێك لە گەشبینی هەیە و هەنگاوی جیددییش نراوە بۆ ئەوەی قەیرانەكان تێپەڕێندرێن، لە كاردانەوەیەكیشدا وەك رووبەڕووبوونەوەیەك بۆ قەیرانەكان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە پڕۆژە وەبەرهێنەرەكان دووبارە دەست بە كار بكەنەوە، لە یەكەم هەنگاودا لە شاری هەولێر چەندین پڕۆژە خرانە واری جێبەجێكردنەوە".

ئومێد عەلی حەمە، شارەزا لە بازاڕی ئابووریی جیهان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "هەرێمی كوردستان لە لێواری دووبارە بووژانەوە و هەڵستانەوەیە بۆ سەر پێی خۆی، چونكە قەیرانی داراییی چوار ساڵی رابردوو تاقەتپڕٍوكێن بوو، كوردستان بە ژیرانە مامەڵەی كرد، بە تایبەت هەنگاوەكانی چاكسازیی سەرۆكی حكوومەت، قورسایی سەر شانی حكوومەتی سووك كرد، دەرفەتێكی زێڕینی دایە حكوومەت بۆ ئەوەی دووبارە پێداچوونەوەیەك بە خەرجییەكانیدا بكات، ئێستایش چاكسازی لە خەرجییەكانی حكوومەت و بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت و جووڵەی بازاڕ لە كوردستان و رێكخستنەوەی باج و گومرگەكان، دەرفەت بە حكوومەت دەدات كە بۆ ساڵی 2019 بە تەواوەتی خۆی لە قەیرانی دارایی ڕزگار بكات".

وەك ئومێد گوتی: "لە بازاڕی جیهاندا جۆرێك لە ویستی كۆمپانیاكان بۆ دووبارە گەڕانەوەیان بۆ كوردستان پەیدا بووە و چەندین كۆمپانیایش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی كار لە كوردستان بكەن، بە تایبەت كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان و گواستنەوە".

لە لایەكی دیكەوە، تاهیر عەبدوڵڵا، جێگری پارێزگاری هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی گەورە لە شاری هەولێر بە هۆی قەیرانی داراییەوە ڕاوەستاون، بەڵام ئومێدەوارین قەیرانی دارایی بەرەو نەمان بڕوات و كاتی تێپەراندنی قەیرانەكانە، ئومێدیشمان زۆرە بگەڕێینەوە بۆ پڕۆژە گەورەكان و دووبارە بونیادنانەوەی كوردستان".

عەبدوڵڵا، هاوكات ئەوەشی خستە ڕوو، كوردستان لە رووی ئابوورییەوە پێویستی بە بووژانەوەیەكی تەواو هەیە، بۆ ئەمەش دەبێت هەنگاوی هەمەلایەنە هەبێت تا رێرەوی ئابووریی خۆی دەدۆزێتەوە.

 

راژیار هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار