٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی تەتەر: هەر حزبێك پاشەكشە لە هەڵبژاردن بكات، لە جەماوەر دەترسێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، هەڵبژاردن مافێكی سرووشتیی گەلی كوردستانە و ناكرێت بە هیچ پاساوێك ئەو مافە لە خەڵك زەوت بكرێت. دەشڵێت: "هەر حزبێك پاشەكشە لە هەڵبژاردن بكات، لە جەماوەری خۆی دەترسێت".

تا دێت، بەرەی ناڕازی لە دژی دواخستنی هەڵبژاردن فراوانتر دەبێت، خەڵكی كوردستانیش پێیان وایە ناكرێت حزبێك یان دوو حزب رێگری لە مافی هاونیشتمانیان بكەن، بەڵكوو دەبێ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە كوردستان ئەنجام بدرێت و خەڵك بڕیار لەچارەنووسی خۆی بدات، بۆ ئەمەیش رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی دەستیان بە چالاكیی جۆراوجۆر كردووە و هەڕەشەی خۆپێشاندان دەكەن لە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن.

عەلی تەتەر، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "هەڵبژاردن مافی سرووشتیی خەڵكە، دوو ساڵ ماوەی پەرلەمان و حكوومەت درێژ كرایەوە، خۆ ناكرێت درێژە بەم سیاسەتە بدرێت، رێگری لە هەڵبژاردنیش لە دەرەوەی یاسایە و بۆ سومعەی سیاسیی كوردستانیش باش نابێت لەوە زیاتر یاری بە چارەنووسی هەڵبژاردنەوە بكرێت، ناشكرێت چەند كەسێك یان چەند حزبێك بڕیار لە چارەنووسی گەلێك بدەن، چونكە ئەوە مافی خەڵكی كوردستانە كە هەڵبژاردن لە كات و ساتی خۆیدا بكرێت".

تەتەر، گوتیشی: "ئەوانەی دەیانگوت ئەم حكوومەتە موڵكی خەڵك و گەلی كوردستان نییە، با بفەرموون لە رێگای هەڵبژاردنەوە خەڵك تاقی بكەنەوە، ئێستایش ئەوانەی خۆیان خستووەتە دەرەوەی حكوومەت، نە ئەوەتا دێن لەگەڵ حكوومەت باری قورسی هاووڵاتیان لەسەر شان دادەنێن، نە باری خۆیشیان دەخەنە سەر شان و بڕیاری هەڵبژاردن دەدەن".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی، ئاماژەیشی دا، پارتی دیموكراتی كوردستان لە روانگەی ئەوەی هەڵبژاردن مافی خەڵكە، بڕیاری داوە كە دەبێت هەمووان پابەند بن بە كاتی رۆژی هەڵبژاردنەوە و لە وادی خۆیدا هەڵبژاردن بكرێت، لە كاتێكدا كە سەرجەم ئامادەكارییەكانیش لەو بارەیەوە كراون.

دەشڵێ: "ئەو حزبانەی دەڵێن با هەڵبژاردن نەكرێت، لە دەنگی دەنگدەرەكانیان دەترسن، چونكە باش دەزانن سەنگ و قورساییان چەند دەبێت".

 

 

راژیار هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار