٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پڕۆژە ڕاگیراوەکانی سنووری ھەولێر دەستیان پێ کردووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوبەری گشتیی دەستەی وەبەرھێنانی ھەولێر گوتی، بە ھۆی قەیرانی دارایی نزیکەی ٧٠ پڕۆژە لە سنووری ھەولێر ڕاگیرابوون. ئێستا پڕۆژەکان دەستی پێ کردووەتەوە و بەشێکیان ماون، ئەوانیش لە بەڵێندەرەکان وەرگیراونەتەوە و دەدرێن بە بەڵێندەری تازە بۆ ئەوەی تەواو بکرێن.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە کە سەرجەم پڕۆژە ڕاگیراوەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دەست پێ کەنەوە و ھەر پڕۆژەیەکیش بەڵێندەرەکانی دەست پێ نەکەنەوە، لێیان وەردەگیرێتەوە.

پەیوەست بەو پرسە، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی وەبەرھێنانی ھەولێر، سامان عارەب، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەسەر فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران تاوەکو دوای جەژن مۆڵەت درابوو بەڵێندەرەکانی سنووری ھەولێر ئەو پڕۆژانەی بە ھۆی قەیرانی دارایی ڕاگیرابوون دووبارە دەست پێ بکرێنەوە و بەشێکی زۆری بەڵێندەرەکان دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و تەنیا ژمارەیەک پڕۆژە ماون، کە لە بەڵێندەرەکان وەرگیراونەتەوە و دەدرێنە بەڵێندەری تازە."

سامان عارەب گوتیشی: "لە سنووری پارێزگای ھەولێر نزیکەی ٧٠ پڕۆژە کە لە بواری جیاجیادا ئەنجام دەدران بە ھۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرابوون، بەڵام ئێستا سەرجەم پڕۆژەکان دەست پێ دەکەنەوە و دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە."

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار