پەیەدە و ڕژێمی سووریا ڕێککەوتنی کۆتاییان کردووە

ڕۆژئاوای کوردستان -KDP.info-ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا گوتی، پەیەدە و ڕژێمی سووریا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی و بڕیارە ھێزەکانی یەپەگە بەشداری لە شەڕی ئیدلبیش بکەن.
ماوەی چەندین ساڵە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دژی دەسەڵاتی ڕژێمی سووریا شۆڕشی بەرپا کردووە و قوربانییەکی یەکجار زۆری داوە، بەڵام ئێستا پەیەدە بەگوێرەی زانیاری چاودێرانی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان، ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕژێمی سووریا کردووە و ڕۆژئاوای کوردستانی جارێکی دیکە ڕادەستی ڕژێمی سووریا کردووەتەوە.
لەبارەی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان پەیەدە و ڕژێمی سووریا کراوە، د. کاوە ئازیزی، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێککەوتنی نێوان پەیەدە و ڕژێمی سووریا گەیشتووەتە خاڵی کۆتایی و ڕێککەوتنەکە کراوە و پەیەدە بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە ھیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ڕژێم نەماوە و بە ئاسایی سەردانی دیمەشق دەکەن و ھێزەکانی یەپەگەش بەشێکن لە سوپای ڕژێمی سووریا."
د. کاوە ئازیزی گوتیشی: "بڕیارە شەڕی ڕزگارکردنی ئیدلب لە لایەن ڕژێمی سووریاوە دەست پێ بکات و بڕیارە ھێزەکانی یەپەگە لە چوارچێوەی سوپای سووریادا بەشداری لەو شەڕە بکەن و ئامادەیی خۆیان نیشان داوە، بۆیە دەیانەوێت ژمارەیەکی دیکەی گەنجی کورد لە پێناو ڕژێمی سووریادا بەکوشتن بدەن، وەکو چۆن لە ڕابردوودا ئەوەیان کردووە."
ئازیزی باسی لەوەش کرد: "ئامادەکاری تەواو بۆ دەستووری نوێی سووریا کراوە و بڕیارە لە کۆنگرەی جنێف دەنگی لەسەر بدرێت و لیژنەکە دەستبەکار بێت و دەستوور ئامادە بکەن، کە کوردیش نوێنەری خۆی لە ئامادەکردنی دەستووردا دەبێت، بەڵام ڕەنگە ئامادەکردنی دەستوور بکەوێتە دوای شەڕی ئیدلب."
بڵند ئیبراھیم




