٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەممەد خورشید: حەشد بە جلی پۆلیسەوە دەیەوێ بارەگا لە سنووری كەركووك بكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

كەركووك-KDP.info- حەشدی شەعبی، بە جلوبەرگی پۆلیسی فیدڕاڵییەوە، دەیەوێ لە ناوچەیەكی كوردنشینی كەركووك نیشتەجێ ببێت. بەرپرسێكی پارتییش دەڵێ، سەرەڕای ھەوڵەكان بۆ راگرتنی پڕۆسەی داگیركاری، ھێشتا پڕۆسەی عەرەباندن و پێشێلكارییەكان بەردەوامن.

دكتۆر محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە كەركووك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "لە رۆژانی رابردوودا ھێزێك كە جلوبەرگی پۆلیسی فیدڕاڵیی لەبەر بووە، ویستوویانە لە ژمارەیەك قوتابخانە و مزگەوتی ناوچە كوردنشینەكانی كەركووك جێگیر ببن و بنكە و بارەگای خۆیان بكەنەوە، بەڵام ئەمە كوردەكانی دڵگران كردووە و دواتر دەركەوتووە كە ئەو ھێزانە سەر بە حەشدی شەعبی بوون و ویستوویانە بە ناوی دیكەوە لە ناوچە كوردییەكان جێگیر ببن".

بەربرسی لقی ٣ی پارتی لە كەركووك دەڵێت: "ھێزەكەی حەشدی شەعبی، دەیەوێ بنكە و بارەگا لەنێو خانووە چۆڵەكان و قوتابخانە و مزگەوتی گوندەكانی كەلھوڕ، بیبانی بچووك، یارمچە و چەند ناوچەیەكی دیكەی دەوروبەری كەركووك بكاتەوە، ئەمەیش دوای ئەوە دێت كە بڕیارە حەشد بارەگای نێو شارەكان دابخات و بچێتە دەرەوەی شارەكانەوە".

لەبارەی پڕۆسەی بەعەرەبكردنی كەركووكیش، خورشید ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "تا دەستەڵاتی عەسكەری لە كەركووك مابێت و پڕۆسەی داگیركاری درێژەی ھەبێت، بێگومان ئەو پێشێلكاری و پڕۆسەی بەعەرەبكردنەیش ھەر بەردەوامی دەبێت، لەبەر ئەوەش رەوشی كەركووك لە ڕووی ئەمنی و داگیركارییەوە، ھێشتا وەك خۆیەتی و بەردەوامە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار