یەكێتیی پەرلەمانتاران: ئەو دەرگایە داخرا.. سبەی بانگەشە دەست پێدەكات

هەولێر -KDP.info- بڕیارە سبەی چوارشەممە بانگەشە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت. سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستانیش دەڵێ، پەرلەمان تەمەنی یاسایی بەرەو تەواوبوون دەچێت و لە سبەی بە دواوە نابێت ھیچ قسەیەك لەسەر دواخستنی پڕۆسەكە بكرێت.
نیعمەت عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ھیچ دەرفەتێك لە بەردەم لایەنەكاندا نەماوە بۆ ئەوەی داوای دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، چونكە سبەی بانگەشە دەست پێدەكات و كۆمسیۆن و لایەنەكان ئامادەكاریی خۆیان كردووە و لە ڕووی ماددییشەوە پارەیەكی زۆر لەلایەن حكوومەتەوە تەرخان كراوە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە، لەبەر ئەوە ئەگەر لە رۆژانی رابردوودا لێرە و لەوێ ھەندێ كەس و لایەن باسی دواخستنی ھەڵبژاردنیان كردبێت، ئیدی ئەو دەرگایە داخرا".
پارتی دیموكراتی كوردستان، بە لیستی ژمارە ١٨٣ و لە ژێر درووشمی "بنیاتنانی كوردستانێكی بەھێز" بەشداری لە ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی داھاتوودا دەكات، سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان دهڵێ: "سەیرە لایەن ھەبێت داوای دواخستنی پڕۆسەكە بكات و خۆیشی تۆمار كردبێت وەك قەوارە بۆ بەشداریكردن لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، چونكە ئەمە پڕۆسەیەكی گرینگە و پێویستی بە كۆدەنگی ھەیە، نەك ھەر كەسەو بە ئارەزووی خۆی قسەی لەسەر بكات بێ ئەوەی بە فەرمی پڕۆژە پێشكەش بكات".
عەبدوڵڵا، هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "تەمەنی یاسایی ئەم خۆلەی پەرلەمان بەرەو كۆتایی دەچێت، بۆیە بە ھەر ھۆكارێك پڕۆسەی ھەڵبژاردن دوا بخرێت، پڕۆسەی دیموكراسی و پەرلەمانی لە ھەرێمی كوردستاندا خەوشدار دەبێت". دەشڵێ: "ھەموو ئەو كێشانەی دێنە بەردەمی ئێمە لە ڕووی پەرلەمانییەوە، بە ھۆی نەبوونی دەستوورەوەیە، چونكە ئەگەر دەستوورمان ھەبووایە، ھەموو بابەتێكی دەبڕاندەوە، من پێم وایە ھەڵبژاردن نەكرێت، ھەرێمی كوردستان دەكەوێت بۆشایی یاساییەوە، ئەوەش ئاسان نییە".
قائید میرۆ




