٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی و گۆڕان کۆ دەبنەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- نێچیرڤان بارزانی جێگری پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندی یاوەری سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەن و، دوو پرسی گرینگ کۆیان دەکاتەوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٤-٩-٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسیی پارتی، سەردانی بارەگای بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی دەکەن و بریارە کۆبوونەوەکەش سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆ ئەنجام بدرێت.
وەک زانراوە، لە کۆبوونەوەکەیاندا دوو پرسی سەرەکی باس دەکرێن، یەکەمیان پێکھێنانی حکوومەتی ئایندەی عێراق ‌و پرسی دووەمیشیان سەبارەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، عەتا شێخ حەسەن گوتی، "لەسەر دوو تەوەر لەگەڵیان کۆ دەبنەوە، ئەوانیش رێکخستنەوەی نێو ماڵی کوردی و ئاشتەوایی نیشتیمانی و دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر  پڕۆژەیەکی نیشتیمانی بۆ بەغدا کە پارتی و یەکێتی ئامادەیان کردووە بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی تازەی عێراق."


لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا، شاندی پارتی بە جیا سەردانی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیان کرد و، رۆژی یەکشەممەش شاندی باڵای پارتی لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی و ھاوپەیمانی بۆ دیموکراستی و دادپەروەریدا کۆ بۆوە، گفتوگۆکانیشیان زیاتر لەسەر پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکھێنانی حکوومەتی نویێ عێراق بووە، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیار بوو دوێنێ دووشەممە ٣-٩-٢٠١٨ کۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان لە مەکۆی سەرەکیی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەڕێوە بچێت، بەڵام وەک ئەوەی ھەردوولا باسیان لێوە کردبوو کۆبوونەوەکەیان خستبوە رۆژی سێشەممە.

بڕیارە رۆژی ٣٠-٩-٢٠١٨، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت، تاوەکو ئێستایش مشتومڕ لەنێوان بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان و لەنێو شەقامدا ھەیە کە رەنگە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوا بخرت، بەڵام سەرۆکوەزیرانی کوردستان و کۆمیسیۆنیش دەڵێن، تاوەکو ئێستا ھیچ حیزبێکی سیاسی بە فەرمی داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی نەکردووە و ھەڵبژاردنیش لە کاتی خۆیدا دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی داتای کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندبوو: "لە ‌کاتی خۆیدا ھەم ھەڵبژاردن دەکرێت، ھەم بانگەشە دەست پێ دەکات".

هەڵکەوت محەممەد
 

هەواڵی پەیوەندیدار