٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەحموود عوسمان: كورد بووەتە یەكلاكەرەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- د. مەحموود عوسمان دەڵێ، دوای ئەوەی دوو كوتلەی شیعە دیاری كران، كورد بووەتە یەكلاكەرەوە و پشتگیری لە ھەر كوتلەیەك بكات، ئەو كوتلەیە دەبێتە گەورەترین، بۆیە پێویستە كوردیش بەپێی بەرژوەندیی خۆی پشتگیری لە یەكێك لە كوتلەكان بكات.

ھەر یەكە لە بەرەی سائیروون و بەرەی فەتح كە ھەردووكیان شیعەن، گەورەترین كوتلەیان راگەیاندووە و لە ئێستادا تەنیا كورد ماوە خۆی یەكلا بكاتەوە، كە ئەویش لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ لایەنەكان و ھێشتا بڕیاری كۆتایی نەداوە.

د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كورد یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ ئەوەی كامە كوتلە ببێتە گەورەترین كوتلەی پەرلەمان تا حكوومەتی تازە پێك بهێنێت، بۆیە كورد پشتگیری لە كامە كوتلە بكات، ئەو دەبێتە گەورەترین".

عوسمان، هاوكات گوتیشی: "پێویستە كورد بەپێی بەرژوەندیی خۆی مامەڵە بكات و كامە كوتلە زیاترین داواكاریی كورد جێبەجێ بكات، پشتگیری لەو كوتلەیە بكات، بە تایبەت داواكارییەكانی پێوەست بە ناوچە كوردستانیەكان و كەركووك و ناشبێت لە ژێر ھیچ گوشارێكدا پشتگیری لە ھیچ كوتلەیەك بكات، چونكە ماوەی ١٥ساڵە گوێ لە وڵاتان دەگرین و ھیچیان بۆ كورد نەكردووە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار