كۆمیسیۆن: داوا لە حزب و لایەنەكان دەكەین پاڵپشتمان بن بۆ سەرخستنی هەڵبژاردن

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی داتاكان لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تۆماری دەنگدەران زۆر بە باشی پاك كراوەتەوە و 255 هەزار ناو رەش كراونەتەوە. داوایشی لە حزب و لایەنەكان كرد، پاڵپشتی كۆمیسیۆن بن بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن.
كاروان جەلال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ: "تۆماری دەنگدەران زۆر بە باشی پاك كراوەتەوە و 255 هەزار ناو رەش كراونەتەوە، ناوی مردوو و دووبارەمان لێ فڕێداونەتە دەرەوە، جگە لەوەش ماوەیەكمان دیاری كردبوو بۆ ئەوەی هەر لایەنێك تێبینیی لەسەر هەبێت، تانەی خۆی پێشكەش بكات و ژمارەیەك لایەن تانەی خۆیان پێشكەش كردبوو، گلەیی حزب و لایەنەكان بە ئاسایی وەردەگرین، تۆماری دەنگدەران كارێكی زۆری لەسەر كراوە و جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ هیی پێشوو هەیە، بۆیە تۆماری دەنگدەران نابێتە هۆكاری ئەوەی هەڵبژاردن دوا بخرێت، چونكە كۆمیسیۆن كارەكانی بە گوێرەی یاسا كردووە و تۆماری دەنگدەران بە شێوەیەكی باش پاك كراوەتەوە و كۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە".
جەلال روونیشی كردەوە: "بە گوێرەی ئەو رێكارانەی كە داماننابوون بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، دوای ماوەیەكی كەم، ئەپلۆدی زانیارییەكان دەخەینەوە سەر ماڵپەڕەكەی تۆماری دەنگدەرانی ئەلیكترۆنی بۆ ئەوەی دڵنیا بن گۆڕانكارییەكان كراون و هەموو ئەو داواكاریانەی كە هەیانبوون جێبەجێ كراون، داوایش لە حزب و لایەنەكان دەكەین پاڵپشتی كۆمیسیۆن بن بۆ سەرخستنی پرۆسەكە".
ڕابین شێروانی




