پسپۆڕێكی سیاسی: ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، پێچەوانەی یاسا و دەستوورە

هەولێر-KDP.info- پسپۆڕێكی سیاسی ڕایدەگەیێنێت، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، پێچەوانەی دەستوور و یاسایە. دەشڵێ، دەبێ هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی حكوومەتی نوێ پێك بهێندرێت.
یەكێك لە سیما هەرەدیارەكانی دیموكراسی، هەڵبژاردنە. دوای هەڵبژاردنیش هیچ لایەنێك بە تەنیا بۆی نییە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕەت بكاتەوە. بە گوێرەی ئەو وادەیەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دیاری كردووە، دەبێ لە 30ـی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت، بەڵام چەند لایەنێك بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هەوڵ دەدەن ئەم هەڵبژاردنە ئەنجام نەدرێت.
پێوەست بە لێكەوتە نەرێنییەكانی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، پڕۆفیسۆر د. خەلیل ئیسماعیل، پسپۆڕ لە جوگرافیای سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دەبێ هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی هێزەكان دوای چوار ساڵ و چەندین گۆڕانكاریی گەورە، پارسەنگی خۆیان بۆ دیاری بكرێت و حكوومەتی نوێ پێك بهێندرێت، تا بەشێوەیەكی یاسایی ئەم هەرێمە بەڕێوە ببرێت."
ئەم شارەزایە سیاسییە جەختیشی كردەوە: "هەڵبژاردن بە گوێرەی یاسا، وادە و كاتی بۆ دیاری كراوە، ئەگەر لە وادەی خۆیدا ئەنجام نەدرێت بە بێ بوونی هۆكارێكی دیار و بەرچاو، ئەوا پێشێلكردنی یاسا و دەستووە."
ئیسماعیل، هاوكات ڕوونیشی كردەوە: "ئەو هێزانەی نایانەوێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت لە دەنگەكانیان دەترسن و، دەزانن دەنگەكانیان گۆڕانكاریی زۆری بەسەردا دێت، بۆیە دەبینین لێرەو لەوێ چەند لایەنێك بە شەرمنی و بە شێوەیەكی نافەرمی، داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن و پاساویشیان بۆ دواخستن، زۆر بێهێزە."
سەرباز واحید




