كۆمسیۆن: ھیچ باسێك بۆ دواخستن نییه، ئەم حەفتەیە بانگەشە دەست پێدەكات

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان گوتی، ھەموو ئامادەكارییەك بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە و لەم حەفتەیەدا بانگەشەی ھەڵبژاردنەكان دەست پێدەكات.
بڕیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە٣٠ی ئەم مانگەدا بەڕێوە بچێت و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسییش لە ھەرێمی كوردستان، سەرقاڵی ئامادەكارییەكانە بۆ ئەنجامدانی ئەو ھەڵبژاردنە لە وادەی خۆیدا.
سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كۆمسیۆن سەرجەم ئامادەكارییەكانی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام داوە و تۆماری دەنگدەران پاك كراوەتەوە و نزیكەی ٢٥٠ھەزار كەسی لێ دەرھێندراوە، ئەمڕۆیش تیروپشك بۆ كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدان دەكرێت و رۆژی سێشەممەیش كۆمسیۆن لیست و قەوارە سیاسییەكان پەسەند دەكات".
لەبارەی دەستپێكردنی بانگەشەی ھەڵبژاردنەكانیش، جەلال گوتی، بڕیارە بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی پێنجی ئەم مانگەدا، كە دەكاتە رۆژی چوارشەممەی ئەم حەفتەیە، دەست پێبكات لە لایەن لیست و قەوارە سیاسییەكانی بەشدار لەم ھەڵبژاردنەدا.
دەشڵێ، ھەڵبژاردنەكە لە وادەی خۆیدا بەڕێوە دەچێت و ئامادەكارییەكان تەواو بوونە، بۆیە ھیچ باسێك نییە ئەو ھەڵبژاردنە دوا بخرێت.
بڵند ئیبراھیم




