٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی و کۆمەڵ جەختیان لە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا کردەوە. گوتەبێژی پارتییش ئاشکرای کرد، کە لایەنەکان لە دەنگی خەڵک دەترسن بۆیە بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردن ناکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی عەلی باپیر کۆبوونەوە. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان، پرێسکۆنفرانسێک ساز درا.
عەبدولستار مەجید، سەرکردە لە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی پرۆژەکەی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، داوایان کردووە هەرچوار لایەنە ناڕازییەکە پڕۆژەکەیان بە دەست بگات و دواتر ئەوان بڕیار دەدەن.

لەبارەی هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولیشەوە، مەجید گوتی "لەبەر ئەوەی دەنگدان مافی خەڵکە، بۆ بەرگریکردن لە پرەنسیپەکانی خۆمان کە دەمێکە داکۆکی لێ دەکەین و پێویستە پارێزگاری لە بنەما و باوەڕەکانی خۆمان بکەین، بە پێویستمان زانیوە هەڵبژاردن بکرێ و لەگەڵ ئەوەین لە کاتی خۆیدا بکرێت. پێشتریش ئەو هەڵوێستەمان ڕاگەیاندووە."
 
هەر لە پرێسکۆنفرانسەکەدا مەحموود محەممەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی کۆمەڵی ئیسلامی و هەندێک لایەنی دیکەش، بایکۆتیان شکاند بۆ دانیشتن لەگەڵماندا، سێ تەوەرمان باس کرد کە یەکەمیان پەیوەندیی دووقۆڵیمان بوو، هەروەها بابەتی هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول و پێکهێنانی حکوومەتی فیدرالی."
 
لەبارەی هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولیش، مەحموود محەممەد گوتی: "پێشتر بۆچوونی برایانی کۆمەڵمان دەزانی کە لەگەڵ ئەوەدان لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێ، ئێمەش دەڵێین مادام زۆر گلەیی هاتە سەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، پێویست ناکات دەست بۆ ئەو بابەتە ببەین، بەڵکوو لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی تازەوە پشتیوانێکی تازە بۆ حکوومەت و پەرلەمان دروست بکەین".

گوتەبێژی پارتی هاوکات هەوڵی لایەنەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن هێنایە بەر باس و ڕایگەیاند "هەر کەسێک بیەوێ هەڵبژاردن دوا بخرێ، دەبێ بە فەرمی داوا لە سەرۆکوەزیرانی کوردستان بکرێت، چونکە ئەم پرسە لە دەستەڵاتی سەرۆکوەزیراندایە، بەڵام هیچ لایەنێک نایەوێ بۆ خەڵک بڵێ نامەوێ هەڵبژاردن بکرێ، لە ترسی دەنگی خەڵک، بەڵام دەیانەوێ بابەتەکە بخەنە نێو سۆشیال میدیا و ڕاگەیاندن کە ئەمە ڕێگەیەکی ڕاستەقینە نییە."
 

هەواڵی پەیوەندیدار