"یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ھەموار دەکرێتەوە"
__2018_09_01_h16m10s30__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- بڕیارە سبەی ڕۆژی یەکشەممە وۆرکشۆپێک لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئامادەکاریی ھەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەڕێوە بچێت و ئەندامێکی لیژنەی ناوخۆش دەڵێ، یاساکە بۆ ھەمیشە پەسەند دەکرێت.
ئاواز حەمید ئەفەندی، ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد: "ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی تاکە ناوچەی ئارامە لە ڕووی ئەمنییەوە، بەڵام نکۆڵی لەوەش ناکرێت بەردەوام تیرۆر ھەڕەشەیە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ھەروەک چۆن ھەڕەشەیە بۆ سەر جیھان بەگشتی، لەبەر ئەوە پێویستە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە شێوەیەکی باشتر لە پێشوو ھەموار بکرێتەوە."
یاسای ژمارەی ٣ی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەژدە ماددە پێک ھاتووە لە ساڵی ٢٠٠٦ لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراوە، ئەندامەکەی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بە ئەوە کرد: "بابەتی ھەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پەیوەندیی بە ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە و ھەندێک ھەستیارە."
ئاواز حەمید ئەفەندی دەڵێت: "یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و پێشتر وا پەسەند کراوە ھەردوو ساڵ جارێک درێژ دەکرێتەوە، بەڵام لە کاتی ھەموارکردنەوەدا دەکرێتە یاسایەکی ھەمیشەیی و ئەگەر کات ھەبوو لەم خولەی پەرلەمانی کوردستاندا پەسەند دەکرێت، ئەگەریش کات نەما ئەوە بێگومان لە خولی داھاتوودا بناغەکەی ئامادەیە و پەسەند دەکرێت."
قائید میرۆ




