عەتا شێخ حەسەن: شاندێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی، لەگەڵ گۆڕان و هاوپەیمانیدا كۆ دەبێتەوە

سلێمانی-KDP.info- پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ كۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر پڕۆژەی كورد بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و لەمەڕ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، سەردانی تەواوی لایەنە كوردییەكانی براوەی هەڵبژاردنەكانی 12-5ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات.
پێوەست بە هاتنی شاندی باڵای مەكتەبی سیاسیی پارتی بۆ پارێزگای سلێمانی، عەتا شێخ حەسەن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی سلێمانی – هەڵەبجەی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "شاندێكی باڵای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دێتە شاری سلێمانی و، لەگەڵ هەریەكە لە بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریدا، كۆ دەبێتەوە".
شێخ حەسەن گوتیشی: "شاندی باڵای مەكتەبی سیاسیی پارتی، كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بۆ ڕێكخستنەوەی ناوماڵی كوردی و یەكگوتاریی لایەنە كوردییەكانە، تا بە یەكدەنگی گفتوگۆ لەسەر داواكانی كورد لەگەڵ لایەنە براوەكانی عێراقدا بكرێت".
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی سلێمانی – هەڵەبجەی پارتی، گوتیشی: "پارتی و یەكێتی پڕۆژەیەكیان هەیە، كە تەواوی داوا دەستوورییەكانی كوردی لە خۆ گرتووە و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی هەرێمی كوردستانی تێدایە، بۆ ئەوەی كۆدەنگیی كورد بۆ ئەو پڕۆژەیە دروست بكرێت، هەر لەبەر ئەوەش، پارتی لەگەڵ هەریەكە لە هاوپەیمانی و گۆڕاندا كۆ دەبێتەوە".
لەبارەی ئەوەی شاندەكەی پارتی لە سلێمانی سەردانی حیزبەكانی دیكەش دەكات، شێخ حەسەن دەڵێ: "سەردانی شاندی پارتی بۆ سلێمانی، تایبەتە بە سەردان و كۆبوونەوە لەگەڵ هەریەكە لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و بزووتنەوەی گۆڕان".
هێڤیار هەڵەبجەیی




