٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئابووریناسان: کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە لە قۆناغێکی نوێدایە

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولیر-KDP.info- لە ڕووی ئابوورییەوە ھەرێمی کوردستان ئێستا لە قۆناغێکی نوێدایە، ئابووریناسانیش پێیان وایە ھەلی کار لە زیادبوونە و ئابووریی کوردستان دەبووژێتەوە، دوای ئەوەی پڕۆژەکان بە تەواوی دەست بە کارەکانیان دەکەن.

 

ماوەیەک بەر لە ئێستا بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیار دراوە دەست بکرێتەوە بە زۆرێک لەو پڕۆژانەی لە ٢٠١٤ـەوە بە ھۆی قەیرانی ئابوورییەوە وەستێنرابوون.

 

پەیوەست بەم پرسە و بووژانەوەی ئابووریی ھەرێمی کوردستان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان، شەماڵ نووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی کە قەیرانە داراییەکە بەرەو کزی ڕۆیشت و پاش نەمانی شەڕی داعش و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە نرخی نەوت بەرز بووەوە و ژمارەی ئاوارەکان ڕووی لە کەمی کرد و چوونەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان، نزیکبوونەوە و گفتوگۆ لە نێوان حکوومەتی ھەولێر و بەغدا دەستی پێ کرد."

 

بە هەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، توانرا ئەو گەمارۆ توندەی لەسەر ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی سەپێنرابوو لاببرێت، کە سنوورەکان داخرا و گەمارۆی ئاسمانی لەسەر دانرا و بودجەی کوردستان بڕا، ھەرێمی کوردستان بەرەنگاری ھەموو کێشەیەک بووەوە، بەڵام ئێستا مووچەی مووچەخۆران باشترە و تا ڕادەیەک لە کاتێکی دیاریکراودا دەدرێت، بەو ھۆیەوە جموجووڵی بازاڕ گەرمترە و ئاڵوگۆڕی سنوورەکان دەستی پێ کردووە.

 

نووری گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەم یەک دوو مانگەی ڕابردوودا چەند پڕۆژەیەکی ڕاگەیاندووە و داوای لە بەڕێوەبەری پڕۆژە تەواونەکراوەکانیش کرد دەست بە کارەکانیان بکەنەوە و حکوومەتیش پارەی ئەو بەڵێندەرانە دەدات کە لە سێ ساڵی ڕابردوو بە ھۆی قەیرانی داراییەوە وەستینرابوون. بەڵام ئەو بەڵێندەرانەی بە ھەوەس پڕۆژەکانیان ڕاگرتووە و کاریان نەکردووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان شارەوانییەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە ھەر پڕۆژەیەک، یان ھەر پارچە زەوییەک بە نایاسایی دراوەتە ھەر پڕۆژەیەک لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، یان زەوییەکەیان لێ بسەندرێتەوە."

 

ئەو ئابووریناسە پێی وایە: "لە ماوەی ڕابردوودا ھەرێمی کوردستان کاتێک بەرەنگاری قەیرانی دارایی بووبووە چەند لایەنێکی سیاسیش گاریگەریی نەرێنییان ھەبووە و بە ھاندانی ھاونیشتمانیان گرفتی ئابووریی کوردستانیان قووڵتر کردبووەوە، جێگای دڵخۆشییە کە ئێستا بە ھۆی دەستپیکردنەوەی پڕۆژەکانەوە ھەلی کار لەزیادبووندایە و بووژانەوەی ئابووریی ھەرێمی کوردستان لەزیادبوونە."

 

مامۆستای زانکۆ و شارەزای ئابووری، شیلان بیبانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی نوێدایە لە ڕووی ئابوورییەوە لە سێ ساڵی ڕابردوودا قەیرانی ئابووری زۆر شتی ئاڵۆز کردبوو لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا وردە وردە خەریکە شتەکان دەچنەوە قاڵبی خۆیان و ئابووریی کوردستانیش بەگشتی لەباشبووندایە."

 

بیبانی گوتیشی: "ئەو ڕێککەوتننامانەیەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا کردوویەتی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت تا ڕادەیەک مووچەی مووچەخۆرانی بەرەو باشتر بردووە و ھەلی کار لە بازاڕەکاندا زیادی کردووە، ئەو پڕۆژانەی لە ھەرێمی کوردستان وا دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە لە گەڵ ئەوەی کوردستان جوان دەکات و گەشتیار زیاتر ڕوو لە کوردستان دەکەن، ھەلی کاریش زیاد دەکات بۆ کریکاران و فەرمانبەران."

 

فایزە کۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار