نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی باڵای ڕووسیا كۆ بوونەوە

هەولێر- KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30/8/2018، پێشوازیی لە پاڤێڵ سۆرۆكین، جێگری وەزیری وزەی ڕووسیا، ڤلادیسلاڤ باریشنیكۆڤ، جێگری سەرۆكی كۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسی، كۆنسووڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر و شاندێكی یاوەریان كرد.
لە دیدارێكدا، شاندی میوان هاوكاری و هەماهەنگی و پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا و پێشكەشكردنی ئاسانكاری و هاوكاری بۆ كار و پڕۆژەكانی كۆمپانیا ڕووسیاییەكان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەرز نرخاند و هیوای بەردەوامی و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانیان خواست.
لای خۆیەوە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ هەر ئاسانكارییەك بە مەبەستی باشتركردنی كار و پڕۆژەكانی كۆمپانیا ڕووسیاییەكان لە هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە بواری وزە و بەرەوپێشبردنی ئەو گرێبەستانەی لە نێوان هەردوولادا هەیە دەربڕی، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا كە ئێستا هەرێمی كوردستان لە بووژانەوەدایە و بووەتە جێگەی سەرنجی سەرمایەگوزارانی بیانی، حكوومەتیش لە پێشكەشكردنی ئاسانكاری و هاوكاریییەكان بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی بەردەوام دەبێت.
بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا، بەرزنرخاندنی كار و پڕۆژەكانی كۆمپانیا ڕووسیاییەكان لە بواری وزەدا لە هەرێمی كوردستان و تاوتووكردنی بارودۆخی ناوچەكە بە گشتی، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.




