دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەڵامی "بارزانی اهلا بیك، شعب العراق یحییك"ـی بەسڕاییەكان دەداتەوە

هەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی چەندین كەسایەتیی سیاسی و حكوومی و عەشایەری، هاوكاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گەیشتە بەسڕا، بۆ ئەو مەبەستەیش پرێسكۆنفرانسێك ساز كرا و، تێیدا سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرا بۆ گەیاندنی ئەو هاوكارییە مرۆییە، سەرۆكی دەزگاكەش رایگەیاند، كە ئەوان بەسڕا لە یاد ناكەن و بەردەوام لەگەڵیاندا دەبن.
بەرپرسی تۆڕی مافی مرۆڤ لە بەسڕا، لە پرێسكۆنفرانسەكەدا، ئاماژەی بە قۆناغێكی زۆر مەترسیداری شارەكە كرد، كە پێیدا تێدەپەڕێت و، گوتی: "قەیرانێكی مرۆڤایەتی رووی داوە، هەربۆیە داوا لە حكوومەتی عێراق و سەرۆكوەزیران دەكەین، كە لێپرسینەوە لەو كەس و لایەنە كەمتەرخەمانە بكەن، كە بوونەتە هۆی ئەوەی بەسڕا تووشی ئەم دۆخە بێت".
ئەو داوایشی كرد، هەرچی زووترە، هەوڵ بدەن بەسڕا لەم قۆناغە پڕمەترسییە دەرباز بكەن، گوتیشی: "ئێمە برایەتیی نێوان كورد و عەرەب بەرز دەنرخێنین، سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین بۆ گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ بەسڕا و خەڵكەكەی".

مووسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە میانەی بەڕێوەچوونی پرێسكۆنفرانسەكەدا، گوتی: "ئێمە نیگەرانین لەوەی خەڵكی بەسڕا بەو دۆخە ناهەموارەدا تێدەپەڕێت، بۆیە وەك دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەم هاوكارییەمان لە هەولێرەوە گەیاندە بەسڕا".
سەبارەت بەو بارودۆخە خراپەی كە لە رووی ئاوی خواردنەوەوە، خەڵكی بەسڕا تێی كەوتبوون و چەندین كەسیان تووشی نەخۆشیی سكچوون و ژەهراویبوون هاتبوون، هەر لەو پێناوەیشدا بەسڕاییەكان هاتنەوە سەر شەقامەكان و خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، سەرۆكی دەزگاكە ڕایگەیاند: "ئێمە بەوە تووشی شۆك بووین، كە بەسڕا تووشی قەیرانی ئاو بووە و خەڵكانێكی زۆر تووشی نەخۆشی ببوون، بۆیە هەوڵمان دا ئەو هاوكارییە مرۆییە لە سۆنگەی خەمخۆریمانەوە بۆ برایانمان لە پارێزگای بەسڕا بگەیەنین، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاووڵاتیانی بەسڕا، بە هاووڵاتیانی خۆی دەزانێت".
مووسا ئاماژەی بەوەش دا، كە خەڵكی بەسڕا و كورد، مێژوویەكی دوورودرێژیان هەیە، نموونەیشی بە گەڕانەوەی بارزانیی نەمر هێنایەوە، كە لە سۆڤیێت گەڕایەوە، خەڵكی بەسڕا زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێی كرد، بۆیە خۆیان بە قەرزداری ئەو هەڵوێستە مێژووییەی ئەوان دەزانن، بەڵێنی بە خەڵكی بەسڕایش دا، ئەوان دەستبەرداریان نابن، لە داهاتوویشدا لەگەڵیان دەبن، هیوایشی خواست ئەو كارەشیان ببێتە هۆی پتەوبوونی زیاتری پەیوەندیی نێوان كورد و عەرەب.
ئەو هاوکات گوتی، هاوکارییەکانیان درێژەیان دەبێ و، لەسەر خواستی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕا و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ئەو پاریزگایە، پێداویستیی پزیشکییش بۆ منداڵانی بەسڕا دابین دەکەن.
ئێوارەی رۆژی 1958/10/6، بارزانیی نەمر لە ڕێوەسمێكی میللیی بێوێنەدا، كە بریتی بوو لە ئامادەبوونی دەیانهەزار كەس لە رۆڵەكانی گەلی عێراق بە عەرەب و كورد و كەمینەكانی دیكەوە، بە درووشمی: (بارزانی اهلا بیك، شعب العراق یحییك)، وەك پاڵەوان پێشوازی لێ كرا.
لەو ڕووداوە بێوێنە میللییەدا، كە تەنیا لە لایەن كوردەوە نەبوو، بەڵكوو خەڵكی عەرەب و بەسڕا سەردەستەی ڕێوڕەسمەكە بوون، ئێستایشی لەگەڵدا بێ، گەڕانەوەی مستەفا بارزانیی نەمر بە رووداوێكی سادەنەبوو وەسف دەكرێت، سەرباری ئەوەی كە بارزانی ڕابەرایەتیی خەباتی نەتەوەیی كوردی دەكرد، بەڵام بە گەڕانەوەی بۆ نیشتیمان لە ساڵی 1958ـدا، یەكێتیی كورد و عەرەب و كەمەنەتەوەكان پتەوتر بوو.
شایانی باسە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ٢٤ گەورەبارهەڵگر بڕی یەك ملیۆن و دووسەد بتڵ ئاوی خواردنەوە و ٧٠٠ هەزار ئاوی مغەزیی بۆ ئەو كەس و مناڵانەی كە تووشی سكچوون بوون، ڕەوانە كرد، تاكو لە وشكبوونەوە بپارێزرێن.
خێڵان بەختیار




