٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنەكەسە: پەیەدە دەبێ نیازپاکیی خۆی بسەلمێنێ ئینجا باسی ڕێککەوتن بکات

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info-  سەركردەكانی ئەنەكەسە، لەو باوەڕەدان كە پەیەدە نەك هەر نایەوێت لەگەڵ كورددا ڕێك بكەوێت، بەڵكوو كێشەش بۆ پەیوەندییەكانی نێوان لایەنە كوردییەكان دروست دەكەن و كۆسپیان خستووەتە بەردەم دۆزی كورد لە رۆژئاوادا.

تەڤدەم، لە ڕاگەیێندڕاوێكدا دەڵێ: "ئێمە ئامادەین لەگەڵ ئەنەكەسەدا گفتۆگۆ بكەین، بەڵام بە مەرجی ئەوەی ئەنەكەسە لە ئۆپۆزسیۆنی سووریادا نەمێنێت". پەیوەست بەم پرسە، شەلال گەدۆ، نوێنەرێكی ئەنەكەسە لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕایگەیاند، ئەگەر تەڤدەم بییەوێت گفتۆگۆ بكات، بەبێ مەرج گفتوگۆ دەكات، بەڵام ئەم شەرت و مەرجانە، مانای نەبوونی ئیرادەی كفتوگۆیە".

گەدۆ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "پەیەدە دەیەوێت دۆزی كورد دوا بخات و نەمێنێت، ئێستایش كورد لە رۆژئاوا وەك جاران نییە و تەنیا ئەنەكەسە لە ئاستی دنیادا دەتوانێت چارەسەرێك بۆ كێشەی كورد بدۆزێتەوە".

گوتیشی: "ئەگەر بیانووی ئەوەی كە ئەنەكەسە لە ئۆپۆزسیۆندایە، بۆیە گفتوگۆ ناكەن، لە ڕاستیدا ئێمە سەربەخۆین و نوێنەریشمان هەیە، بەڵام پەیەدە نیەتی پاك نییە بۆ كێشەی كورد و بیانوو دەگرێت".

سەركردەیەكی دیكەی ئەنەكەسە لە رۆژئاوای كوردستان دەڵێت: "هەموو جارێك تەڤدەم بە قسە بریقەدارەكان بە مێدیاكان دەڵێت ئێمە كار بۆ نزیكبوونەوەی هێزە كوردییەكان دەكەین، كەچی هەموو ئۆفیسی لایەنە سیاسییەكانمانی داخستوون".

ئەگەرچی دووشەممە، ٢٨ـی ٨ـی ٢٠١٨، لە شاری رمێلانی رۆژئاوای كوردستان، تەڤگەرا جڤاكا دیموكراتیك ''تەڤدەم'' سێیەمین كۆنگرەی خۆیان بەست و لە دوای ئەنجامدانی كۆنگرەكە، چەندین بڕیار دەركران، یەكێكیش لەوانە نەهێشتنی ناكۆكیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بوو،

بەڵام سلێمان ئۆسۆ، سەركردە لە ئەنەكەسە دەڵێ، بڕوایان بە قسە بریقەدارەكانی تەڤدەم نییە، ئەو گوتیشی، پێش ئەنجامدانی كۆنگرە، هێزێكی سەر بە پەیەدە كە باڵی سیاسی و سەرەكیی تەڤدەمە، هاتوونەتە سەر پارتی یەكێتی و هەموو كەلوپەلەكانیان بردوون و دەستیان بەسەر ئۆفیسەكەدا گرتووە، جا چۆن بڕوایان پێیان بێت.

ئۆسۆ بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئێمە لەگەڵ نەمانی ناكۆكین و هەمیشەش دەستپێشخەرین بۆ نەهێشتنی ناكۆكییەكان، كەچی ئەوان ڕێگری دەكەن و كۆسپ بۆ كێشەی كورد دروست دەكەن".

پەیەدە، خۆی لە رێككەوتنی دهۆك و هەولێر دزییەوە و جێبەجێی نەكرد، كە لەژێر چاودێریی سەرۆك مەسعوود بارزانی ئەنجام دران، کە وەک چاودێرانی دەڵێن، ئەگەر ئەو رێكکەوتنە سیاسییانە جێبەجێ بكرابان، ئێستا رەوشەكە بەم دۆخە نەدەگەیشت.

سلێمان ئۆسۆ پێی وایە، دەبێت سەرەتا تەڤدەم و گرووپەكانی ناویان، دەستگیركراوەكانیان ئازاد بكەن و ئەو كەسانەی (نەفی)ی دەرەوەیان كردوون، كێشەیان بۆ دروست نەكەن و ڕێگە بدەن بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان، بەو كردارانەش دەردەكەوێت كە ئایا تەڤدەم قسەكانیان ڕاستن و نیازیان پاكە یان نا، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم كارانە ناكات.

كــاروان بـــاعەدری
 

هەواڵی پەیوەندیدار