ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی، لەبارەی چەند پرسێكی ھەنووكەییەوە كۆ دەبێتەوە

ھەولێر-KDP.uinfo- ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لەبارەی چەند پرسێكی ھەنووكەییەوە كۆ ببێتەوە، لەوانە سەردانی پارتی بۆ لای لایەنەكان، گفتوگۆكان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
لە ئێستادا گفتوگۆی چڕ لە نێوان لایەنەكاندا لەبارەی پێكھێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی عێراقەوە بەڕێوە دەچێت و، كوردیش سەرقاڵی خۆئامادەكردنە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنەكاندا بگەنە رێككەوتن، بۆ ئەو مەبەستەیش، پارتی دیموكراتی كوردستان بەنیازە سەردانی لایەنەكانی كوردستان بكات تا كورد بە یەك پڕۆژە بچنە بەغدا، ھەر بۆیە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیدا، ئەو پرسانە تاوتوو دەكرێن.
لەبارەی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، عەلی حوسێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و، تێیدا كۆمەڵێك پرسی ھەنووكەیی سەبارەت بە عێراق و ھەرێمی كوردستان تاوتوو دەكرێن".
لەبارەی ئەو تەوەرانەی كە لەو كۆبوونەوەیەدا باس دەكرێن، حوسێن گوتی: "ئەو پرسانەی باس دەكرێن، بریتین لە گفتوگۆكانی پارتی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا بۆ پێكھێنانی حكوومەتی عێراق، ڕوئیای پارتی لەبارەی دۆخی ئێستا، سەردانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لای لایەنەكانی ھەرێم، دروستكردنی كۆدەنگی و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، خۆڕێكخستنەوەی پارتی بۆ ھەڵبژاردن لە ڕووی تەنزیمییەوە، لەگەڵ كۆمەڵێك پرسی دیكەدا".
بڵند ئیبراھیم




