٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستایانی زانكۆ: کاتیەتی کورد بەیەکگرتوویی بجوڵێ

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- بۆ ئه‌وه‌ی كورد به ‌یه‌كگرتویی بڕواته‌ ناو پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراقەوە و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ  لیسته ‌براوه‌كان بكات، ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ شاندی جیاجیا له‌گه‌ڵ حزبه‌ كوردییه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ گفتوگۆ.

په‌یوه‌ست به‌ پرسی كۆده‌نگیی كورد بۆ دانوستادن له‌سه‌ر مافه‌كانی كورد له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی عێراق، بارزان عوسمان، ماموستای زانكۆ، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئەزموونەکانی ڕابردووی یه‌كهه‌ڵوێستیی كورد له‌ به‌غدا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە هەرکاتێک دەستکەوتێکی بەرجەستە بۆ دۆزی کورد و مافەکانی کورد بەدەست هاتبێت لە ژێر سایە و سێبەری یەکڕیزیی ناوخۆی نێوماڵی خۆیدا بووە و بە پێچەوانه‌كەیشی ڕاسته. ئێستا یه‌كڕیزیی كورد زۆر گرنگه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نەکانی‌ عێراق".

بارزان عوسمان گوتیشی: "تەنیا یەکدەنگی و یەکهەڵوێستیی لایەنەکانی کورد بەرانبەر بە دۆست و نەیار سه‌ركه‌وتوومان ده‌كات، چونکە زەرەری پەرتەوازەیی و ناڕوونی و ناتەبایی لە کار و کردەوەماندا بەرانبەر لایەنەکانی بەغداد زۆر بە خراپ لەسەر کۆی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکەوێتەوە و لەم هەلومەرجەشدا کەس سوودمەند نابێت و هەموان لە شکست و زەرەردا بەشدار دەبن، بۆیە زۆر پێویستە بەو نەفەسەوە لایەنەکان لە یەکڕیزیی کورد بڕوانن، کە چوونی ئەوان بۆ بەغداد تەنیا و تەنیا بۆ پارێزگاریکردنە لە بەرژەوەندییەکانی کوردستان و زامنی جێبەجێکردنی مافە دەستووری و یاسایی و شەرعییەکانی خەڵکی کوردستانە ".

چاودێرانی سیاسی له‌ كوردستان پێیان وایه،‌ ناكرێت هیچ لایه‌نێكی كورد له ‌ده‌ره‌وه‌ی كۆده‌نگیی نیشتمانی و یه‌كڕیزی بێت. شرۆڤه‌كاری سیاسی، به‌كر حاجی ڕه‌حیم گوتی: "ئێستا حزبه‌كانی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌دان، ئه‌وه‌ جێگای ده‌ستخۆشییه کە‌ بتواندرێت ڕێکكه‌وتنێك بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كورد به ‌یه‌ك پاکێج له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌وێته‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و مافه‌ ده‌ستوورییانه‌ی كه‌ مافی نه‌ته‌وه‌ی كوردن".

به‌كر حاجی ڕه‌حیم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "باشترین حاڵه‌ت بۆ گفتوگۆكردنی كورد له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ براوه‌كانی عێراق ئەوەیە کە به ‌كۆده‌نگیی نیشتمانیی كوردستانییەوە بڕۆنه‌ گفتوگۆكانه‌وه‌ و هه‌ر حزبێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی كورد بڕوات بۆ‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی عێراق، جگه‌ له‌ زیان هیچی ده‌ست ناكه‌وێت. چاوه‌ڕێین كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نەکانی‌ كورد له ‌ناوخۆدا به‌رهه‌مدار بێت."

هێڤیار هه‌ڵه‌بجه‌یی

 

هەواڵی پەیوەندیدار