٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وڵاتان زیاتر گرنگی بە شوێنەوارە مێژووییەکانى کوردستان دەدەن

سەرچاوە: KDP.info


  

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری ھەرێم بە وەکالەت ڕایگەیاند، وڵاتان گرنگییەکی زۆر بە شوێنەوارە کۆن و مێژووییەکان دەدەن و بەردەوام تیمی وڵاتان لە کوردستان گەڕان و پشکنین دەکەن. دەشڵێ، دوو تیمى ئەڵمانى و ئیتالى لە دهۆک کار دەکەن، هەروەها قەڵای شێروانە نۆژەن دەکرێتەوە و بڕەپارەیەکى بۆ تەرخان کراوە.

 

لە ھەرێمی کوردستان چەندین شوێنەواری مێژوویی ھەیە کە مێژووەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ چەند ھەزار ساڵیک لەمەوبەر، بە ھۆی شەڕی داعشیشەوە نەتوانراوە گرنگیی زیاتر بەو ناوچە شوێنەوارییانە بدرێت، بە هۆی ئەو بوومەلەرزانەى ڕابردووش زیان بەو شوێنەوارانە کەوتووە، ئێستاش تیمە نێودەوڵەتییەکان گرنگیی زیاتر بەو ناوچانە دەدەن.

 

 

ھەفتەی ڕابردوو، وەزارەتی میراتە کولتوورییەکانی بەریتانیا ڕایگەیاند، پڕۆژەیەکیان بۆ پاراستنی شوێنەوارەکانی ناوچەی گەرمیان پەسەند کردووە و نۆژەنی دەکەنەوە، کە زیاتر لە ٣٨٠ ھەزار دۆلار بۆ پاراستنی شوێنەوارەکانی گەرمیان تەرخان دەکرێ. بۆ ئەم مەبەستە کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری ھەرێم بە وەکالەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا لە قەڵای شێروانە لە گەرمیان بە ھۆی بوومەلەرزەکانی ڕابردووەوە زیان بەو قەڵایە گەیشتووە، زانکۆی گلاسکۆی بەریتانیا خەریکی پێکھێنانی تیمێکە بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای شێروانە، مۆڵەتیان پێ دراوە و بڕەپارەیکیان حەرج کردووە بۆ قەڵای شێروانە بۆ ئەوەی نۆژەنی بکەنەوە".

 

بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری ھەرێم گوتیشی: "حکوومەتی عێراق بەڵێنی خەرجکردنی بڕەپاریەکی دا بۆ قەڵای شێروانە، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕەپارەیەی خەرج نەکردووە، چونکە لە شەڕی چوار ساڵەی دژی داعشیش، ناوچەی گەرمیان یەکێک لە بەرەکانی پێشەوەی ئەو شەڕە بوو. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی زانکۆی گلاسکۆ، ئەو شەڕ و پێکدادانانە زیانی گەورەی بەو شوێنەوارە کولتوورییانە گەیاندووە، کە زانیاری و پارچەی ھونەریی گرنگیان لەبارەی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا تێدایە".

کەیفی مستەفا ڕایشیگەیاند: " ئێستا دوو تیم لە شاری دھۆک کار دەکەن، کە تیمی زانکۆی توپگنی ئەڵمانیا و زانکۆی ئۆپینەی ئیتالیان و بەرھەمی باشیان ھەبووە، ئامانجیان ھەڵکۆڵینی شوێنەوار و ڕووپێوی شوێنەوارییە، ھەروەھا لە گردی باسیک لە سیمێلیش تیمی تایبەتی زانکۆی توپگنی ئەڵمانیا کە ئێستا بەردەوامە لە گەڕان و پشکنین چەند شوێنەوارێکیان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ٣ ھەزار ساڵ پێش ئێستا. ئەمەش بەڵگەیەکی مێژووییی زۆر گرینگە بۆ ناوچەک. ھەروەھا لە ئەشکەوتی شانەدەریش زانکۆی کامبریجی بەریتانیا کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی شوێنەوارە مێژووییەکان لەو ئەشکەوتە ".

 

جێ باسە، وەزیری میراتە کولتوورییەکانی بەریتانیاش لە گوتارێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە ئەم شوێنەوارانە چیرۆکی مێژووی مرۆڤایەتیمان بۆ دەگێڕنەوە، بۆیەش پاراستنیان تەنیا بۆ کوردستان گرنگ نییە، بەڵکو بۆ ھەموو مرۆڤایەتی جێی بایەخە.

 

هەڵکەوت محەممەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار