٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئیبراهیم برۆ: رژێمی سووریا گەڕاوەتەوە ڕۆژئاوا و ددان بە خوێندنی كوردیشدا نانێت

سەرچاوە: KDP.info

 

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا گوتی، دامودەزگا حكوومی و ئەمنی و حیزبییەكانی رژێمی بەعسی سووریا، بە شێوەیەكی فراوان دەگەڕێنەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان و، تەنانەت ئەو پێنج ساڵەی خوێندنی كوردییش هەبووە، رژێم ددانی پێدا نانێت و بڕیارە خوێندن بە كوردی قەدەغە بكرێت.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ، ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوتی: "لە دانوستانەكانی نێوان پەیەدە و رژێمی سووریادا، هیچ لایەنێكی نێودەوڵەتی بەشدار نییە و وڵاتانیش بۆ چارەكردنی قەیرانی سووریا، تەنیا جنێف بە چارەسەر دەزانن  و لە جنێفیش گفتوگۆ لە نێوان توركیا، ئێران، ڕووسیا و ئەمەریكا دەكرێت و كێشەكە زۆر لەوە گەورەترە پەیەدە چارەی بكات، بۆیە ئەمەریكا بە هیچ شێوەیەك بە پەیەدە ناڵێ بڕۆن لەگەڵ رژێمی سووریا دانوستان بكەن، چونكە تەنیا پەیەدە نییە لە رۆژئاوا و چەندین پێكهاتەی دیكە لە سووریا هەن و داوای مافی خۆیان دەكەن".

لەبارەی هەنگاوە كردارییەكانی گەڕانەوەی رژێمی سووریا بۆ رۆژئاوای كوردستان، برۆ گوتی: "لە ئێستادا دامودەزگا حكوومی و خزمەتگوزاری و خوێندنیش و دەزگا ئەمنییەكانی رژێمی سووریا بە شێوەیەكی بەرفراوان دەگەڕێنەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان و پێشتریش تەنیا پەیەدە ئیدارەی ناوچەكەی دەكرد و ئێستاش جارێكی دیكە رژێم گەڕاوەتەوە و بە ئاشكرا بوونیان هەیە، بە تایبەت لەشارە گەورەكانی وەك قامشلۆ و حەسەكە و كاری خۆیان دەكەن".

دەشڵێ، لە ئێستادا حیزبی رژێمی بەعس و ئەو حیزبانەی هاوبەشن لەگەڵیان لە رۆژئاوای كوردستان، بە ئاشكرا كاری حیزبیی خۆیان ئەنجام دەدەن.

لەبارەی پرۆسەی خوێندنیشەوە، ئیبراهیم برۆ ئاشكرای كرد: "سەرەتای شۆڕشی سووریا پەیەدە قوتابخانەكانی رژێمی سووریای داخستبوو و كرابوونە كوردی، بەڵام ئێستا ستەمێكی گەورە لە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان دەكرێت، هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە رژێمی سووریا بڕیاری داوە ددان بە خوێندنی كوردیدا نانێت لە رۆژئاوای كوردستان و، ئەو پێنج ساڵەی خوێندنی كوردی، بۆیان حیساب ناكرێت، بۆیە بڕیارە دووبارە خوێندنی عەرەبی دەست پێبكاتەوە و خوێندنی كوردی نامێنێت".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار