حکوومەتی عێراق هەزاران خێزانی گەڕاندووەتە شنگال کە هاوکاری داعش بوونە
__2018_08_28_h16m1s28__ER.jpg)
دهۆک-KDP.info- فەرماندەی گشتیی هێزی پاراستنی ئێزدیخان دەڵێ، حکوومەتی عێراق بە بریارێک هەزاران خێزانی گەڕاندووەتەوە شنگال کە هاوکاری داعش بوونە.
پێشتر بەرپرسە سیاسی و سەربازییەکانی شنگال ڕایانگەیاندبوو، بە هاوکاریی حکوومەتی عێراق و دوای هاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەکە ئەنجامدەرانی کومەڵکوژیی ئێزدییان هاتوونەتەوە شنگال.
ئەمڕۆ، سێشەممە (٢٨-٨-٢٠١٨)، حەیدەر شەشۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "حکوومەتی عێراق بە بڕیارێکی تاکلایانە و هەڵە هەزاران خێزانی گوندی '' گۆلات''ی ڕۆژهەڵاتی شنگالی گەڕاندووەتەوە ناوچەکانیان، کە خۆیان دەستیان لە تاوانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییاندا هەبووە."
شەشۆ دەڵێت: "ئەو خێزانانە زۆربەیان دەستیان لەگەڵ داعش هەبووە، بەڵام حکوومەتی عێراق وەک هەموو جارێک هەڵە دەکات، ئەم جارەش وەک جارانی تر ئەوانەی دەستیان لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییاندا هەبووە گەڕاندوونییەتەوە بۆ شنگال."
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان گوتیشی: "هاتنەوەی هاووڵاتییانی ئەو گوندە دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی شنگالییەکان و پێ دەچێت هەرچی شتی خراپ هەیە ڕوو بدات و ئێمەش ئەمە قبووڵ ناکەین و دەبێ ئەوانەی دەستیان لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییاندا هەبووە سزای خۆیان وەربگرن."
شەشۆ دەشڵێت: "ئەم داعشانە پێش دروستبوونی داعش لەسەر ڕیگای نێوان شارەکان چەندین کەسیان دەستگیر کردووە و کوشتوویانن."
کــاروان بـــاعەدری




