قایمقامی سۆران: پلان ھەیە پڕۆژەکانی سۆران دەست پێ بکرێنەوە
__2018_08_28_h15m25s59__ER.jpg)
سۆران -KDP.info- دەڤەری سۆران کە خۆی لە ھەرچوار قەزای سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان، ڕواندز پێک ھاتووە، چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکانیان دەکەن و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی ھەیە لەگەڵ باشبوونی ڕەوشی دارایی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری دەڤەری سۆران جێبەجێ بکرێن و وەک قایمقامی قەزای سۆرانیش ڕوونی کردەوە، ئەولەویەتیان بۆ قیرتاوکردنی شەقامەکان و تەواوکردنی ژمارەیەک باڵەخانەیە.
لەو بارەیەوە، کرمانج عیززەت، قایمقامی سۆران لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە چاوەڕێین لە چوارچێوەی دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ژمارەیەک پڕۆژە جێبەجێ بکەین، ئەولەویەتیشمان بۆ قیرتاوکردنی شەقامەکان و تەواوکردنی ئەو باڵەخانانەیە کە زۆربەیان ڕێژەیەکی زۆریان لێ جێبەجێ کراوە و ڕاگیراون، ئەوانیش تەواو دەکەین، زۆر پڕۆژەی دیکەش ھەن پەیوەستن بە ژیانی ڕۆژانەی ھاووڵاتییانەوە لە کەرتی ئاو و تەندروستی، کە جێبەجێ دەکرێن."
قایمقامی قەزای سۆران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە ڕێگای نێوان ھەموو شار و شارۆچکەکان فراوان بکرێن و بکرێن بە جووتساید، لەبەر ئەوەش، بڕیارە ڕێگای نێوان سۆران و قەزای چۆمان لە چوارچێوەی پلانی بەجووتسایدکردنی ڕێگەی ھەولێر حاجی ئومەراندا، کە بە ڕێگەی ھامڵتۆن ناسراوە، بکرێتە جووتساید."
کرمانج عیززەت ئاشکرای کرد: "ڕێگەی نێوان سۆران مێرگەسۆریش پێشتر بڕیار بوو بکرێت، بەڵام قەیرانی بەسەردا ھات، کە ڕەوش لە ڕووی ماددییەوە باشتر بێت ئەویش دەست پێ دەکرێت."
قائید میرۆ




