حكوومەتی هەرێم وەڵامی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دەداتەوە

هەولێر-KDP.info- لە ناوەڕاستی مانگی حوزهیراندا، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساڵی ٢٠١٨ بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بە عێراق و هەرێمی كوردستانیش كردووە، بە تایبەتی لە بواری ئازادیی رۆژنامەوانی و رادەربڕین و مافەكانی ئافرەتان.
د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە بارەی ئەم راپۆرتەوە رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راپۆرتەكەیدا پشتی بە چەند سەرچاوەیەك بەستووە بێ ئەوەی ئاماژەیان پێبكات و روون نییە كە ئەم سەرچاوانە تا چەند بێلایەن و باوەڕپێكراون.
لە بارەی ئازادی رۆژنامەنووسی و رێگریكردن لە ئەنجامدانی كارەكانیان وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، زێباری گوتی، بەپێی یاسای ڕۆژنامەنووسی ژمارە (35)ی ساڵی (2007) تایبەت بە كاری رۆژنامەوانی، ناكرێت هیچ رۆژنامەنووسێك دەستگیر بكرێت بە بێ بڕیاری دادگا و رەزامەندیی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، لە هەمان كاتدا پێویستە دەزگاكانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان پێچەوانەی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان رەفتار نەكەن و رووماڵكردنەكەیان بۆ رووداوەكان بە مەبەستی گەیاندنی راستییەكان بێت و داواكاری رەوای هاووڵاتیان بێت بە حكوومەتی هەرێم نەك ببێتە هۆی نانەوەی ئاژاوە. لە خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوودا هیچ دەزگایەكی راگەیاندن سكاڵای دژی لایەنە ئەمنییەكان بەرز نەكردووەتەوە كە تێیدا بە ئەنجامدانی توندوتیژی تۆمەتباریان بكات و هەر كاتێك دەزگایەكی راگەیاندن سكاڵایەكی هەبێت دژی لایەنە ئەمنییەكان ئەوا دەزگا پەیوەندیدارەكان رێوشوێنی یاسایی پێویست دەگرنە بەر دژی ئەو كەسانە كە پێشێلكارییان ئەنجام داوە.
دەربارەی ئازادی خۆپیشاندان كە لە راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی پێ كراوە، زێباری گوتی، لە كوردستان (رێكخستنی خۆپیشاندان) بە یاسای ژمارە (١١)ی ساڵی (2010) رێك خراوە كە شێواز و كات و ئامانجی خۆپیشاندان بە وردی دیاری دەكات بەپێی ئەم یاسایە هەموو هاووڵاتیان و ئەوانەی بە شێوەیەكی یاسایی لە هەرێمدا نیشتەجێن مافی رێكخستنی خۆپیشاندانیان هەیە دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی و تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی، هەروەها هەڵگرتن یان لەخۆبەستنی چەك لەلایەن خۆپیشاندەران بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە تەنانەت ئەگەر ئەو كەسەی بەشداری لە خۆپیشاندانەكەدا دەكات مۆڵەتی هەڵگرتن یان بەستنیان هەبێت، لە هەمان كاتدا نابێ هیچ ماددەیەكی تەقەمەنی یان ژەهراوی یان سووتێنەر لە كاتی خۆپیشاندانەكە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هەڵبگیرێت یان لە خۆ ببەسترێت.
سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2017، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی دا، لە بنەڕەتدا خۆپیشاندانەكان بە ناوی داواكانی مامۆستایان ئەنجام درا و چەند لە لایەنێكی سیاسی هەوڵیان داوە سوود لە داوا رەواكانی خەڵك بەتایبەتی چینی مامۆستایان وەربگرن و خۆپیشاندانی مامۆستایان بە لاڕێدا ببەن بۆ مەبەستی سیاسیی خۆیان، هەرچەندە كەسانێكی گێرەشێوێن خۆیان خزاندبووە نێو خۆپیشاندەران بۆ ئیستفزازكردنی لایەنە ئەمنییەكان بۆیە هێزە ئەمنییەكان گازی فرمێسكڕێژیان بەكار هێنا بۆ بڵاوكردنی ئاژاوەگیڕان، لەلایەكی دیكەوە ژمارەیەك پەرلەمانتاری سەر بە چەند لایەنی سیاسی لە نێو خۆپیشاندەران ئامادە بوون و بە وشەی نەشیاو و بەرزكردنەوەی دروشمی هاندان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی، خۆیان وەك نوێنەری مامۆستایان ناساند.
دیندار زێباری هەروەها گوتی، ژمارەیەك خۆپێشاندەر دەستگیر كران و درانە دادگا بە تۆمەتی ئەوەی كە كاری تێكدەرانەیان ئەنجام داوە و خودی خۆپیشاندانەكەش مۆڵەتی یاسایی نەبووە و هێرشیان كردە سەر كارمەندێكی پۆلیس و بە چەقو بریندار كرا، بۆیە ئەم كارمەندە سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو كەسە تۆمار كردووە، و ئەو كەسەی كە هانی داوە بۆ لێدانی ئەو كارمەندەی پۆلیس سەر بە لایەنێكی سیاسی بووە و ئەوەی لێشی داوە سەر بە لایەنێكی سیاسیی دیكە بووە و ناسراون، هەروەها بە بەڵگە خۆپیشاندەران جۆرەها (مبرز جرمی)یان لە لابووە وەكو (چەقۆ/دامبۆكس/دارلاستیك) بۆیە بەپێی ماددەی (١٠) ی خۆپیشاندان بەپێی یاسا لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كرا دواتر ئازاد كران.
سەبارەت بە رەوشی ئافرەتان كە لە راپۆرتەكەدا باس كراوە، زێباری ڕوونی كردەوە، لە هەرێمی كوردستاندا ئافرەتان جێگە و پێگەیەكی تایبەتیان هەیە و چەندین یاسای تایبەت بە مافەكانی ئافرەت لە هەرێمی كوردستان دەرچووە و كاریان پێدەكرێت و رۆڵێكی گرنگیان هەیە لە دەركردنی بڕیارەكان و لەسەر میلاكی وەزارەتەكان و رێكخراوە مەدەنیەكان بەشداریی كارایان پێكراوە و چەندین پۆستی گرینگی وەكو كەسی یەكەمی هەندێك وەزارەت و دامودەزگای حكوومییان پێدراوە، بەردەوام كار كراوە بۆ ئەوەی رێژەی رەگەزی مێینە لە كاركردندا زیاد بكرێت و بەشدارییان پێبكرێت لە كار و بڕیارە گرینگەكاندا. بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر لە (١٥٠) رێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی تایبەت بە ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان هەن و كار دەكەن لە پێناو پاراستنی مافی ئافرەتان. هەروەها (6) شەڵتەر هەیە بۆ داڵدەدانی ئافرەتان، لەم شەڵتەرانەدا دەیان كەیسی ئافرەتان چارە كراون. لە بارەی بەشداریكردنی ئافرەتان لە دامودەزگاكانی وەزارەتی ناوخۆدا، (882) ئافرەت كارمەندن و لە ئەركدان.
دیندار زێباری، لە بارەی بە زۆر بەشوودانی منداڵان كە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا هاتووە ئاماژەی بەوە كرد لە بڕگەی (٣)ی مادەی دووی یاسای ژمارە (٨ی ساڵی ٢٠١١ یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی) لە هەرێمی كوردستان بە زۆر بەشوودانی كچان وەك یەكێك لە تاوانەكانی خێزانی دانراوە، بۆیە لە هەمان یاسادا سزای توند بۆ ئەو كەسانە دانراوە كە ئەم جۆرە تاوانە ئەنجام دەدەن.
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان تیشكی خستە سەر بەشداریی ئافرەتان لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا و گوتی، بۆ ئەوەی زۆرترین رێژەی كچان روو لە خوێندن بكەن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی پەروەردەیی تۆكمەی داناوە لە رێگای هاندانی زیاتری كچان و كەسوكاریان و بێبەشنەبوونیان لە خوێندن، بەپێی ئەم پلانەی حكوومەتی هەرێم چەند هەنگاوێكی گرینگی ناوە، لە بواری خوێندنی باڵا دەیان ئافرەت پۆستی باڵایان هەیە وەك راگر و سەرۆكی بەش، هەروەها بە دەیان هەزار قوتابی و فەرمانبەری ئافرەت لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان ئەركەكانی خۆیان رادەپەڕێنن، جگە لەمە لە زۆربەی بەشەكانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان رێژەی وەرگرتنی قوتابیانی كچ زیاترە لە كوڕان، ئەمەش كاریگەری هەبووە لەسەر زیادبوونی رێژەی ئافرەتان لە ناوەندەكانی كاركردن و كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری بە شێوەیەكی بەرچاو لەنێو ئافرەتاندا.




