٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە ھەڵبژاردن دوا بخات"

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر -KDP.info- بابەتی دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تا دێت گەرمتر دەبێت و ڕاوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستانیش ئاشکرای کرد، تا ئێستا ھیچ لایەنێک بە فەرمی لە پەرلەمان داوای دواخستنی نەکردووە.

 

بڕیارە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوولی دابێ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت و چەند ڕۆژی داھاتوو بانگەشەی ھەڵبژاردن دەست پێ دەکات، بەڵام دواخستنی ھەڵبژاردنیش لە لایەن ھەندێ لایەنی سیاسییەوە باسی لێوە دەکرێت. لەو بارەیەوە، دکتۆر مەدحەت سلێمان، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان جەختی کردەوە، تا ئێستا ھیچ لایەنێک بە ئاشکرا پڕۆژەی پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان نەکردووە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول و دەڵێت: "بێگومان ھەندێ لایەنی سیاسی دەخوازن ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوا بخرێت بۆ کاتێکی دیکە و لە وادەی خۆیدا کە بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلوولی دابێ بەڕێوە بچێت ئەنجام نەدرێت."

 

ڕاوێژکارەکەی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆربەی لایەنەکان ئەو نیەتەیان ھەیە، بەڵام بە فەرمی پڕۆژەیان پێشکەش نەکردووە، مەگەر لە ڕۆژانی دابێ پێشنیارێکی وەھا بکەن، کە من باوەڕم وایە زیانی زۆری دەبێت ئەگەر بێت و ھەڵبژاردن دوا بخرێت."

لەبارەی دەسەڵاتی پەرلەمان بۆ بڕیاردان لەبارەی دواخستنی  پڕۆسەی ھەڵبژاردنەوە دکتۆر مەدحەت سلێمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دواخستنی ھەڵبژاردن لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە، ئەو بابەتە پێویستی بە ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان و فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھەیە، چونکە پێویستە لە پەرلەمانیش یاساکە ھەموار بکرێتەوە و زۆری دەوێت تا سەربگرێت."

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار