٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەمید عەبدولقادر: پلانە ئەمنییەكەی پۆلیسی هەولێر سەركەوتوو بوو

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو پلانە ئەمنییەی بە هاوئاهەنگیی ئاسایش و هێزە تەناهییەكانی دیكە بۆ ڕۆژانی جەژن دایانڕشتبوو، 100% سەركەوتوو بوو و هیچ حاڵەتێكی نەخوازراو ڕووی نەداوە.

 

عەمید عەبدولقادر محەمەد حەسەن، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، بە مێدیاكانی ڕاگەیاند، چەند ڕۆژێك بەر لە جەژنی قوربان، بە هەماهەنگیی ئاسایش، پۆلیسی هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی، چالاكییە مەدەنییەكان، فریاكەوتن، نەهێشتنی تاوان و هێزە ئەمنییەكانی تر، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەیان داڕشتبوو بۆ پارێزگاریكردن لە سەروماڵی هاووڵاتیان و گەشتیارانیش.

 

یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە ڕۆژانی جەژندا، هیچ حاڵەتێكی نەخوازراوی نایاسایی ڕووی نەداوە كە جێی باسكردن بێت.

 

وەك عەمید عەبدولقادر گوتی، لە هەرچوار ڕۆژی جەژندا، تەنیا یەك حاڵەتی شەڕكردنی ئاسایی هەبووە و دواتر سكاڵا تۆمار كراوە و بۆ ئەو مەبەستەش ڕێوشوێنی پێویستی یاسایی گیراوەتە بەر.

 

"ئەو پلانە ئەمنییەی كە دامانڕشتبوو، 100% سەركەوتوو بوو، هاونیشتمانیانیش هاوكار بوون و خۆشبەختانە پێوەندییەكی پتەو لە نێوان هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەكاندا هەیە، تا ئەو ئەمن و ئاسایشەی لە پایتەختدا هەیە، بەرقەرار بێت". ئەمە قسەی عەمید عەبدولقادر بوو.

ئومێد بابان    

هەواڵی پەیوەندیدار