٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستەی گەشتوگوزار: ڕێژەی گەشتیاران 24% زیادی كردووە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەڵێ، بەراورد بە جەژنی قوربانی ساڵی ڕابردوو، 24% ڕێژەی گەشتیاران زیادی كردووە و بەردەوامیش ڕێژەكە لە هەڵكشاندایە.

نادر ڕۆستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە 18ـی ‌مانگەوە بۆ 22ـى ئەم مانگە، 181 هەزار گەشتیار بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، بەراورد بە جەژنی قوربانی ساڵی ڕابردوویش، ڕژەی گەشتیاران 24% زیادی كردووە، هەروەها هاتنی گەشتیارانیش بەردەوامە و ڕێژەكە لە بەرزبوونەوەدایە".

بە گوتەی ڕۆستی، 90%ـی گەشتیارەكان لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێم و 10%ـیش لە وڵاتانی ئێران و توركیاوە هاتوون.

بە هۆی زۆریی ناوچەی گەشتیاریی دڵڕفێن و نزمیی پلەی گەرمی تێیاندا، گەشتیارێكی زۆر لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ و بیانییەوە بە مەبەستی گەشتوگوزار دێنە هەرێمی كوردستان.

نادر ڕۆستی گوتیشی: "لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا ملیۆنێك و 310 هەزار گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراق و وڵاتانی بیانییەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە".

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار، هەروەها ئاماژە دەدات: "83%ـی گەشتیاران لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوونەتە هەرێم، هەروەها 13% لە ئێرانەوە هاتوون و 5%ـیش لە وڵاتانی بییانییەوە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە".

حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماستەرپلانی بۆ تەواوی ناوچە گەشتیارییەكانی كوردستان ڕاگەیاندووە، تاوەكوو كەرتی گەشتوگوزار بكاتە یەكێك لەو كەرتانەی بۆ بەرزكردنەوەی ئابووریی كوردستان و ڕاكێشانی گەشتیارێكی زۆر بۆ هەرێمی كوردستان، سوودی هەبێت.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەشڵێ: "ئەو پلانەی بۆ ڕۆژانی جەژن داماننابوو، زۆر بە باشی بەڕێوە چوو و تا ئێستا هیچ سكاڵایەكمان پێ نەگێشتووە لە لایەن گەشتیارانەوە كە ئاڕاستەی تیمەكانمان كرابێت".

 

هێڤیار هەڵەبجەیی

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار