نووری حەمەعەلی: دوای جەژن گۆڕانكاریی گەورە لە كەركووك دەكرێت

كەركووك-KDP.info- دوای پڕۆسەی داگیركاریی بەغدا بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكانی سنووری ماددەی ١٤٠ـی دەستووری عێراق، ھەرێمی كوردستان رژد بوو لەسەر ئەوەی پێویستە كۆتایی بە داگیركاری بێت. بەرپرسێكی ھێزی پێشمەرگەی كوردستانیش ئاشكرای كرد، دوای جەژن گۆڕانكاریی گەورە و بەرچاو لە رەوشی كەركوودا دەكرێت.
ماوەیەكە حەشدی شەعبی لە ھەندێ ناوچەی عێراق بە تایبەتی ناوچە كوردستانییەكان و سوننەنشین، خۆیان كۆ دەكەنەوە بۆ باشووری عێراق، بەڵام وەك نووری حەمەعەلی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووكی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند، دیارە ھێشتا ھێزەكانی حەشدی شەعبی نەكشاونەتەوە لە سنووری كەركووك و دەڵێت: "ھێشتا ھێزەكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك ماون و لە ئەگەری كشانەوەیاندا ھێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵ و سوپای عێراق شوێنیان دەگرنەوە، چونكە نابێت ئەو گرووپانەی حەشدی شەعبی لەو ناوچە كوردستانییە داگیركراوانەدا بمێنن، لیژنەی تایبەت پێك ھاتووە لە نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدادا لەبارەی ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك و بەڕێوەبردنی ئیدارەی ھاوبەش".
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك، زانیاری نوێی لەبارەی رەوشی كەركووكەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرا كرد و گوتی: "دانوستان بەردەوامن و پێشڤەچوونی زۆر ھەیە، لە دوای كۆتاییھاتنی پشووی جەژنیش، گۆڕانكاری لە رەوشی كەركووكدا دەكرێت و موژدەی خۆشمان پێیە بۆ كەركووكییەكان و لە رۆژانی دابێ خەڵكی كوردستان و كەركووك بەرھەمی دانوستانەكان دەبینن".
ئەمڕۆ بە شێوەیەكی فەرمی رێگەی ھەولێر - كەركووك بە ڕووی ھاووڵاتیاندا كرایەوە و بڕیارە ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھاوبەشی سەرپەرشتیی پڕۆسەی ھاتوچۆ بكەن، لەبارەی كردنەوەی رێگەی سەرەكیی ھەولێر – كەركووكیش، حەمەعەلی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "كردنەوەی رێگەی پردێ و دانانی خاڵی ھاوبەش، ھەنگاوی یەكەمە بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشەكە، جارێ وەك سەرەتا ھەردوولا بڕیارمان داوە نابێت شەڕ ھەبێت، ئەوەی تر ھەنگاو بە ھەنگاو دەگەینە رێككەوتن، كردنەوەی رێگاكەیش كاریگەری لەسەر باشتربوونی پەیوەندییەكان و كۆتاییھێنان بە پڕۆسەی داگیركاری دەبێت".
قائید میرۆ




