وەحیدە یاقوو: حەشد نەكشاونەتەوە.. كەنیسەش دەیەوێ بە زۆر ئاوارە كریستیانەكان بگەڕێنەوە

عەنكاوە-KDP.info- كەنیسە دەیەوێ بە زۆر ئاوارەكانی كریستیان ئەوانەی لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن، بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ھەموو ھاوكارییەكیشی لە ئاوارەكان بڕیوە، نوێنەرێكی كریستیانەكانیش پێی وایە، ئاوارەكان ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ترسیان لە ھێزەكانی حەشدی شەعبی ھەیە.
لە كاتی ھێرشی داعش بۆ سەر مووسڵ، نزیكەی ٢٠٠ ھەزار ھاووڵاتیی كریستیان روویان لە ھەرێمی كوردستان كرد و دوای دەركردنی تیرۆریستانی داعشیش، بەشێكی زۆری ئاوارەكان ئامادەی گەڕانەوە نین بۆ ناوچەكانیان. لەوبارەیەوە، وەحیدە یاقوو، نوێنەری كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: "تا ئێستا ئامارێكی فەرمی نییە لەبارەی ئەو خێزانە ئاوارانەی كریستیان لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن، بەڵام زۆربەی ئاوارە كریستیانەكان ھێشتا لە ھەرێمی كوردستان ماون و ئامادەی گەڕانەوە نین، چونكە مەترسییان لەسەرە و گرووپەكانی حەشدی شەعبی كێشەیان بۆ دروست دەكەن و رەوشی ئەمنیی ناوچەی دەشتی نەینەوایش سەقامگیر نییە".
رۆژانی رابردوو بە بڕیاری كەنیسە، خزمەتگوزاری لەسەر كەمپێكی ئاوارەكانی كریستیان لە شارۆچكەی عەینكاوە بڕدرا تا ناچار بكرێن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان لە دەشتی نەینەوا، ئەو نوێنەرەی كریستیانەكان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "راستە كەنیسە زۆری بۆ ئاوارەكان ھێناوە تا بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، ئەوەش ھۆكاری خۆی ھەیە و بەغدا دەیەوێ دیمۆگرافیای ناوچەكانی ئێمە بگۆڕێت و قەشە و كەنیسەش پێیان باشە كریستیان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان تا لێیان داگیر نەكراوە".
بە بڕیاری وەزیری ناوخۆی عێراق، ٤٥٠ خێزان لە شوێنی كریستیانەكان نیشتەجێ كران لە دەشتی نەینەوا، پەیوەست بەو بابەتە، یاقوو روونی كردەوە: "ئاخر مەترسی لەوەدایە و ئەو خێزانانەی لەسەر موڵكی كریستیانەكان جێگیر كراون، باشترین بەڵگەیە لەسەر عەرەباندن و گۆڕینی دیمۆگرافیای دەشتی نەینەوا، ئێستا جگە لە تلسقۆف كە لە ژێر دەستەڵاتی پێشمەرگەدایە، ھیچ ناوچەیەكی دیكەی كریستیانەكان بۆ ژیان ناشێت و ھەمووی خاپوور كراوە و حەشد داگیری كردوون، ئەوەشی باس لە كشانەوەی حەشد دەكات لە دەشتی نەینەوا، ڕاست نییە و ھەر لە شوێنی خۆیان ماون و نەكشاونەتەوە".
قائید میرۆ




