دەستەی گەشتوگوزار: لهم جەژنهدا ڕێژەی گەشتیار زۆر زیاد دهكات.. ئامادەكاریمان كردووە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئامادەكاریی تەواویان كردووە تا لە ڕۆژانی جەژندا پێشوازی لە گەشتیارێكی زۆر بكەن. دەشڵێ، پێشبینی دەكەن ئەمساڵ 2 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار ڕوو لە كوردستان بكەن.
نادر ڕۆستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەراییەتییە گشتییەكاندا كراوە، ئامادەكاریی تەواویشمان كردوە بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران، هەروەها لە ناوچە گەشتوگوزارییەكان تیمی تایبەت بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و لە بازگەكان و چاودێریكردنی ناوچە گەشتوگوزارییەكان پێك هێندراوە".
ڕۆستی دەڵێ: "لەگەڵ خاوەن و سەرپەرشتیارانی میوانخانە و چێشتخانەكاندا كۆ بووینەتەوە كە دەبێت لە ڕۆژانی جەژندا كراوە بن بە ڕووی گەشتیاراندا، هەماهەنگییشمان لەگەڵ كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كردووە تاوەكو بتوانین زۆرترین ناوچەی گەشتوگوزاری كوردستان بە گەشتیاران ئاشنا بكەین، لە ماوەكانی ڕابردوویشدا گەشتێكمان بۆ كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووسی كەناڵە عێراقییەكان ڕێك خست، تا لە زوومی كامێرەكانیانەوە ناوچە گەشتیارییەكان بۆ تەواوی عێراق بگوازنەوە".
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری كوردستان ڕوونیشی كردەوە: "لە جەژنی ڕەمەزاندا 213 هەزار گەشتیار هاتبوونە كوردستان، بەڵام پێشبینی دەكەین لە جەژنی قورباندا ڕێژەی گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە زۆر زیاد بكات، بە تایبەت كە ڕێگای هەولێر - كەركووك دەكرێتەوە و گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی هەولێر ڕێگەیان بۆ ئاسانتر دەبێت، بێگومان ئەمەش كاریگەریی لەسەر زیادبوونی گەشتیاران هەیە، بۆیە پێشبینی دەكەین ئەمساڵ 2 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار سەردانی كوردستان بكەن، بەردەوامیش دەبین لە گرینگیدان بە ناوچە گەشتیارییەكانمان، تاوەكو بتوانین گەشتیاری زیاتر بۆ كوردستان ڕابكێشین".
وەك ڕۆستی ئاماژەی بۆ كرد: "لە هەردوو وڵاتی توركیا و ئێرانیشەوە گەشتیاران دێنە كوردستان، بەڵام بە هۆی ئەو قەیرانەی هەردوو وڵاتی گرتووەتەوە، پێشبینی دەكەین ئەمساڵ لە هەردوو وڵاتەوە گەشتیاری كەمتر لە چاو ساڵانی ڕابردوو سەردانی كوردستان بكەن".
هێڤیار هەڵەبجەیی




