٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێران: "حەشد بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێ..لە ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان دەکشێنەوە"

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە وای کرد ھێزەکانی حەشدی شەعبی خۆیان لە ھەندێ ناوچەی عێراق بەرەو ناوچەکانی شیعە مەزھەبەکان بپێچنەوە و چاودێرانیش ئاشکرای دەکەن، بە ھۆی گۆڕانکارییەکان و کۆدەنگیی لایەنی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی، حەشدی شەعبی بەرەو پووکانەوە و ھەڵوەشاندنەوە دەچێت و لە چەند مانگی داھاتووشدا سەرچاوە ماددیەکانی وشک دەبن.

 

دکتۆر سامان شاڵی، کەسایەتیی سیاسیی کورد، کشانەوەی حەشدی شەعبی بە ھەنگاوێک دەزانێت بۆ ئەوەی کێشەکان بەرەو چارەسەرکردن بچن و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کشانەوەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە ھەندێ ناوچەی عێراق دوو نامەیە کە حەشدی شەعبی دەیدات بە لایەنەکانی سوننە و کورد، کە حەشدی شەعبی دەیەوێ کورد و سوننە پشتگیرییان بکەن لە حکوومەتی داھاتووی عێراقدا، لە لایەکی دیکەوە حەیدەر عەبادی دەیەوێ سەرۆکایەتیی حکوومەتی داھاتووی عێراق بکات و ئەو ھێزانەی حەشدی شەعبی دەکێشێتەوە بۆ ناوچەی شیعەنشین، گەمارۆی ئەمەریکاش بۆ سەر ئێران، تاران و ھاوپەیمانەکانی تووشی پەلەقاژێ کردووە، ئەوەش کاریگەریی خۆی ھەبووە لەسەر ئەو ھێزانەی زیاتر نزیکن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێستا حەشد دەیەوێت ھێزەکانی کۆ بکاتەوە و دوای ئەوەی عەبادی پابەندبوونی خۆی بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمەریکا ڕاگەیاندووە، ناکۆکی کەوتووەتە نێو ماڵی شیعەوە."

 

دکتۆر ڕێبوار بابکەیی، مامۆستای زانکۆ، پێی وایە کشانەوەی حەشدی شەعبی ھەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بەرەو چارەکردن بچن و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەموو لایەنە کوردستانی و سوننەکانیش مەرجیان بۆ بەغدا ئەوەیە حەشد لە ناوچەکانیان بکشێتەوە و کشانەوەیان ھەنگاوێکی سەرەتایی باشە بەرەو چارەکردنی کێشەکان."

 

حەشد ھەڵدەوەشێتەوە

 

کۆدەنگییەک لە لایەنی ناوخۆ و نێودەوڵەتی ھەیە بۆ ئەوەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی بە یەکجاری ھەڵبوەشێنەوە و کۆتایی بە میلیشیا بێت لە عێراق، یەکێک لەو لایانانە ئەمەریکایە داوای ھەڵوەشاندنەوەی حەشد دەکات، ھەر ئەوەش وای کرد چەندین گرووپ و سەرکردەی حەشدی شەعبی ھەڕەشە لە ئەمەریکا بکەن و داوای دەرکردنیان دەکەن لە عێراق. پەیوەست بەو داوایەی ئەمەریکا، دکتۆر سامان شاڵی دەڵێت: "بەڵێ ئەمەریکا  بە فەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی کردووە، بەڵام کات پێویستە بۆ هەڵوەشاندنەوەیان."

 

ئەو کەسایەتییە سیاسییەی کورد ڕوونی کردەوە: "ئێستا ناکرێ حەشد ھەڵبوەشێتەوە، چونکە بەرامبەر بە سوپای عێراق وەستاوە و لە نێو سوپاشدا حەشد ھەیە، لەبەر ئەوە پێویستە پەرلەمان بڕیار لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بدات، من خۆم پێم وایە ئەگەر حکوومەتی داھاتووی عێراق لە ژێر کاریگەریی ئەمەریکادا بێت، بەڵێ ھێدی ھێدی حەشدی شەعبی ھەڵدەوەشێتەوە و نامێنێت."

 

  ئەو مامۆستایەی زانکۆش ھەمان بۆچوونی دکتۆر سامان شاڵی ھەیە و تاکە ئاستەنگی ھەمبەر کۆتاییھێنان بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ئەو یاسایەی پەرلەمانی عێراقە کە ڕەوایەتی بە ھەبوونی حەشدی شەعبی داوە و بودجەیەکی زەبەلاحیشی بۆ تەرخان کراوە. دکتۆر ڕێبوار بابکەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "زۆرن ئەو لایەن و وڵاتانەی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبیدان، بەڵام کێشەی لەوەدایە پەرلەمان بڕیاری بە یاساییکردنی دەرکردووە و پێویستە پەرلەمان لە ڕێگەی یاسایەکی دیکەوە ھەڵیوەشێنێتەوە."

 

ئەو مامۆستایەی زانکۆ نایشارێتەوە بە ھۆی سزاکانی ئەمەریکاوە لەسەر ئێران سەرچاوەی داراییی حەشد بەرەو کەمبوونەوە و وشکبوون دەچێت و لە داھاتوودا ھەموو ئەو گرووپ و تاقمانەی نێزیکن لە ئێران، کە یەکێک لەوان حەشدی شەعبیەوە وەک پێویست ھاوکاری ماددییان ناکرێت و خۆیان بەرەو لاوازبوون دەچن و دەشکرێ بەرەو پووکانەوە و نەمانیش بچن."

 

لە ساڵانی بەرلە شەڕی داعش و دوای شەڕیش ڕێککەوتنی سەربازی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا کراوە لەوەی ھەرێمی کوردستان لە لایەن پێشمەرگەوە پارێزگاری لێ دەکرێت و ئەو ناوچانەی دەکەونە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقەوە بە ھاوبەشی لە نێوان ھەرێم و بەغدادا بەڕێوە دەبرێن. بابکەیی لەو بارەیەوە پێی وایە، ھەردوو لایەنی ھەرێم و عێراق دەیانەوێ بگەڕێنەوە سەر ڕێککەوتنی پێشوو، ساڵی ٢٠١٤ بەوەش ھیچ ھێزێکی میلیشیای وەک حەشدی شەعبی لەو ناوچانەی کوردستانین و لە ساڵی ڕابردووە داگیر کراون نامێنێت و پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکەوە پارێزگاری لەو ناوچانە دەکەن.

لەبارەی کاریگەریی کشانەوەی حەشدی شەعبی لەسەر پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق شاڵی دەڵێت: "ئەمە خواستی کوردە و مەرجی لایەنە کوردەکانە بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا کە دەبێ ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان بکشێنەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ھەر دەیەوێ کار لەسەر ئەو ڕێککەوتنەی پێشوو بکات، کە پێشمەرگە و سوپا پێکەوە ناوچەکە بەڕێوە بەرن، بە بڕوای من ئەمە ھەنگاوێکە بۆ ڕازیکردنی لایەنە کوردەکان تا بچنە نێو ڕێککەوتنی پێکھێنانی حکوومەتی نوێەوە."

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار