"کێشەی ئاو لە بەحرکە و دەوروبەری ھەولێر چارە دەکرێت"
__2018_08_18_h17m44s40__ER.jpg)
بەحرکە-KDP.info-لە وەرزی ھاویندا کێشەی کەمئاوی بەشێک لە ناوچەکانی دەوروبەری ھەولێر، بەتایبەتی ڕۆژھەڵاتی ھەولێر دەگرێتەوە و وەک بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکە ڕوونی کردەوە، جگە لە لێدانی ژمارەیەک بیر، پڕۆژەی ئیفراز چوار دەست پێ دەکات و کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی دێت لە بەحرکە و دەوروبەری ھەولێر.
کاروان عارف، بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکە باس لە چارەکردنی کێشەی کەمئاوی شارەدەێی بەحرکە دەکات، کە چەندین ساڵە بەشێک لە دانیشتوانی شارەدێی بەحرکەی نزیک ھەولێر کێشەی کەمئاوییان ھەیە و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاستە کێشەی کەمئاوی لە بەحرکە ھەیە، بەڵام ھەوڵەکانی ئێمەش وەک حکوومەت بەردەوامن بۆ چارەکردنی کێشەی کەمئاوی و لە ھەندێ ناوچەش ساڵی ڕابردوو چارە کراوە، ئێستاش فەرمانگەی ئاو خەریکی لێدانی چوار بیری دیکەیە و بە تەواوبوونیان تا ڕادەیەکی زۆر کەمئاوی چارە دەبێت."
ناحیەی بەحرکە بە دووریی ١٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری شاری ھەولێر و لە ساڵانی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێژەیی دانیشتوانی بەحرکە زیادی کردووە. بەڕێوەبەری شارەدێی بەحرکە دەڵێت: "دوو ھۆکار ھەن بۆ پەیدابوونی کەمئاوی، یەکەمیان ڕێژەی ئاوی ژێر زەوی کەمی کردووە و کاریگەریی لەسەر بیرەکان کردووە، ھۆکارێکی دیکەش بۆ ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتوانی سەنتەری شارەدێی بەحرکە دەگەڕێتەوە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە."
کاروان عارف ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بڕیارە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار دەست پێ بکات و ئاو بۆ بەحرکە و بەشێکی دەوروبەری ھەولێر دابین دەکات، بڕیارە حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی بگاتە ڕێککەوتن و بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئیفراز چوار کێشەی کەمئاوی بە تەواوەتی چارە دەبێت، چونکە پڕۆژەی ئیفراز چوار پڕۆژەیەکی ستراتیژییە کە ئاو لە زێی گەورەوە دەگەیەنێتە بەحرکە و لە ھەرسێ پڕۆژەی ئیفرازی پێشوو بەھێزترە."
بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار، ئاو بۆ ھەموو شارەدێکانی دەوروبەری ھەولێر دابین دەکات، بەتایبەتی کێشەی کەمئاوی لە شارەدێکانی بەحرکە، پیرزین، شاوێس، کەسنەزان و قەزای دەشتی ھەولێر کۆتایی دێت و لە ڕێگەی دروستکردنی چەند کۆگایەکی گلدانەوەی ئاو ڕێژەی ئاوی پێویست دابین دەکرێت.
قائید میرۆ




