سامی ئەترووشی: دەرگای یەکگرتوو کراوەیە بۆ پڕۆژەکەی پارتی و یەکێتی
__2018_08_16_h15m7s27__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پێی وایە، ئەرکی ھەموو لایەنە کوردەکانە بە کۆدەنگی و یەکگرتوویی بچنە نێو پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و ھەڵوێستی حزبەکەیشی نیشان دا بەوەی ئامادەن بچنە نێو ئەو کۆدەنگی و پلانەی پارتی و یەکێتی بۆ بەغدا.
سامی ئەترووشی، پەرلەمانتاری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق ڕوونی کردەوە: "کورد تا ساڵی ٢٠١٠ لە پێگەیەکی زۆر بەھێزدا بووە لە بەغدا، ئەوەی پێگەی کوردی لاواز کرد لە بەغدا پەرتەوازەیی نێوماڵی کورد خۆی بووە، من پێم وایە پێویستە کورد جارێکی دیکە بە ھێزی جارانەوە بگەڕێتەوە بەغدا، کێشەی کورد بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی چارە دەکرێت نەک بە لەتبوونی کورد، پێم وایە ئەگەر لایەنێک، یان چەند لایەنێکیش ھەبن لەگەڵ یەکگرتووییی کورد نەبن لە بەغدا ھەر خۆیان زەرەر دەکەن".
ئەو بەرپرسەی یەکگرتووی ئیسلامی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕاستییەک ھەیە دەمەوێ ھەندێک بەرچاوڕوونی لەسەر بدەم، ئەویش ھەردوو حزبی سەرەکیی ھەرێمی کوردستانن کە مەبەستم پارتی و یەکێتییە، ھەردوو حزب ژمارەیەکی بەرچاو کورسییان لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق بەدەست ھێناوە و ئەوان دەتوانن بەتەنیاش بچنە بەغدا بۆ دانوستان و بەشداری لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق، بەڵام دەبێت ئەوانیش ھەندێک نەرمی بنوێنن و ھەوڵ بدەن لایەنەکانی دیکەش ڕازی بکەن و پێکەوە بگەڕێنەوە بەغدا بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی نوێی عێراق."
لەبارەی ھەڵوێستی حزبەکەی بۆ دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی و بەشداریکردن لە پڕۆژەی پارتی و یەکێتیدا، سامی ئەترووشی، کە ھاوکات ڕاوێژکاری ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیشە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نیەتی حزبەکەی ئاشکرا کرد و دەڵێت: "نایشارینەوە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ھەڵوێستی خۆی ڕاگەیاندووە بەوەی دەرگایان کراوەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی و یەکێتی دانوستان بکەن بۆ ئەوەی پێکەوە بچینە بەغدا."
قائید میرۆ




