بەغدا نووسراوی کۆمپانیاکانی نەوت و گاز بە کوردی لە کەرکووک قەدەغە دەکات
__2018_08_16_h14m54s3__ER.jpg)
کەرکووک –KDP.info- پرۆسەی تەعریب بە شێوازی جیاجیا لە کەرکووک بەردەوامە و لە دواین بڕیاریدا حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە کە نابێ لەمەودوا ھیچ نووسراوێکی کۆمپانیاکانی نەوت و گازی کەرکووک بە کوردی بێت و پێویستە سەرجەمیان بە عەرەبی بن.
حکوومەتی عێراق لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەردەوام ناوچە کوردستانییەکان تەعریب دەکات، بەتایبەت لە کەرکووک، چونکە تا ئێستا ١٢ ھەزار خێزانی ھاوردە کردووە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی کوردی داوەتەوە عەرەب و بە نیازی خاپوورکردنی چەندین گوندی کوردە و زۆرینەی بەرپرسە کوردەکان لادراون و ئێستاش بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی داوە."
پەیوەست بە چۆنییەتیی قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە کەرکووک، عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک -گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە بەردەوامیی پرۆسەی تەعریب لە شاری کەرکووک حکوومەتی عێراق ھەر ڕۆژە بڕیارێک دژی کورد دەردەکات و لە دواین بڕیاریشیدا وەک ھەنگاوی یەکەمی قەدەغەکردنی زمانی کوردی نووسراوێکی پاڵپشت بە بڕیارێکی ڕژێمی بەعسی ڕووخاوی دەرکردووە و تێیدا داوا لە ئیدارەی پارێزگای کەرکووک دەکات بە ھەموو شێوەیەک نووسراوەکانی زمانی کوردی لە سەرجەم کۆمپانیاکانی نەوت و گاز قەدەغە بکات و پێویستە سەرجەم نووسراوەکان بە زمانی عەرەبی بن، لە کاتێکدا پێشتر نووسراوەکان بە ھەردوو زمانی کوردی و عەرەبی دەنووسران."
عەدنان کەرکووکی گوتیشی: "ئەمەش یەکێکی دیکەیە لەو ھەنگاوانەی حکوومەتی عێراق بۆ تەعریب ناویەتی و لە کۆتاییدا زمانی کوردی بەتەواوی قەدەغە دەکات و دەیانەوێت کەرکووک لە کورد چۆڵ بکرێت و ھەمووی ببێتە عەرەب، بۆ ئەو مەبەستەش کاری بەردەوام دەکەن."
لەبارەی دەنگۆی ئەوەی کە حکوومەتی عێراق بڕیاری گەڕاندنەوەی گرێبەستی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ڕاگرتووە، کەرکووکی گوتی: "ئەو دەنگۆیە بە ھیچ شێوەیەک ڕاست نییە و حکوومەتی عێراق بەنیازە سەرجەم گرێبەستە کشتوکاڵییەکان کە درابوونەوە کورد بۆ عەرەبەکانی بگەڕێنێتەوە و جگە لەوە ھەنگاوی دیکەی تەعریب دەنێن جا چۆن لەمە پەشیمان دەبنەوە ئەوەی دەگوترێت ڕاست نییە و خەریکی جێبەجێکردنی بڕیارەکەن."
بڵند ئیبراھیم




