ئەنجومەنی وەزیران بەیاننامەی داراییی ساڵی 2016 و 2017ی ڕەوانەی پەرلەمان کرد
__2018_08_16_h14m35s32__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەنجومەنی وەزیران بەیاننامەی داراییی ساڵی 2016 و 2017ی ڕەوانەی پەرلەمان کرد.
لە وەڵامدانەوەی نووسراوی پەرلەمانی كوردستان ژمارە 246 لە 22/1/2018، سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە هاوپێچی نووسراوێك بە ژمارە 3472 لە 19/7/2018، بەیاننامەی داراییی ساڵی 2016 و 2017ی ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرد، لەگەڵ وێنەیەكی نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری بە ژمارە 6997 ڕێکەوتی 10/7/2018.
بەیاننامەی داراییی ساڵی 2016 سەرجەم چالاكییە داراییەكانی ئەو ساڵە لەخۆ دەگرێت، كە لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی دامەزراوە حكوومییەكان وەرگیراوە لە 1/1/2016 تاكو 31/12/2016 و بەیاننامەكە بە چەند خشتەیەكی هاوپێچ، جۆری هەموو داهات و خەرجییەكانی حكوومەت لە ساڵی 2016 دەخاتەڕوو. بەیاننامەی داراییی 2017 سەرجەم ئەو چالاكییە داراییانەی ساڵی 2017 دەخاتە ڕوو، كە لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە وەرگیراوە تا 31/12/2017 بۆ خەرجی و داهات و لە چەند خشتەیەكی هاوپێچدا جۆری ئەو داهاتانەی كە وەرگیراوە و بووەتە سەرچاوەی تەمویلی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ دابینكردنی بودجەی هەرێم، لەگەڵ خشتەی چۆنییەتیی ئەو خەرجییانەی كە کراون بۆ ساڵی داراییی 2017 بە شێوەی ڕێژەیی كە لە 10 خشتەی جیاوازدا خراونەتە ڕوو. دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هەردوو بەیاننامە داراییەکەی ئاراستەی لیژنەی داراییی پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ كاری پێویست.




