٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پسپۆڕان: سزاكانی سەر وڵاتانی دەوروبەر كاریگەرییان لەسەر ھەرێمی كوردستان نابێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر -KDP.info- پسپۆڕانی ئابووری پێیان وایە، ئەو سزا ئابوورییانەی ئەمەریكا بەسەر ھەردوو وڵاتی ئێران و توركیایدا دەسەپێنێت، ھیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆیان لەسەر ئابووریی ھەرێمی كوردستان نابێت و مامۆستایەكی زانكۆش دەڵێ، تەنیا دراوی ھەردوو وڵاتی توركیا و ئێران بەھای خۆیان بەرامبەر بە دۆلار لە دەست دەدەن.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بڕیارەكانی ئەمەریكا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ھەردوو وڵاتی توركیا و ئێراندا، بەشێك لە ھاووڵاتییان دڵگران بوون بەوەی كاریگەریی لەسەر بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان ھەبێت، بەڵام وەك پسپۆڕێكی ئابووری ڕوونی كردەوە، سزای سەر ھەردوو وڵاتەكە بە ھیچ شێوەیەك كاریگەریی ئەوتۆی لەسەر ئابووریی ھەرێمی كوردستان نابێت. لەو بارەیەوە، دكتۆر ھاشم زێباری، پسپۆڕی ئابووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "من لەو بڕوایەدام سەپاندنی سزا بەسەر وڵاتانی دراوسێدا كاریگەریی ئەوتۆی لەسەر كەرتی ئابووریی ھەرێمی كوردستان نابێت، چونكە ئێمە زیاتر بەرھەم ھاوردە دەكەین، نەك بەرھەمی نێوخۆ ھەناردەی دەرەوە بكەین، بە تایبەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەبەر ئەوەی سەپاندنی سزاكانی سەر ھەردوو وڵاتی دراوسێ تەنیا كاریگەریی زۆریان لەسەر تمەنی ئێران و لیرەی توركی دەبێت و ئەو دراوانە بەھای خۆیان لە دەست دەدەن."

زێباری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لەدەستدانی بەھای دراوی ھەر وڵاتێك پەیوەستە بەوەی كە ئەو وڵاتە نەتوانێ بەرھەمی خۆی بە شێوەی پێویست ھەناردە بكات و تەعریفی گومرگیی زیاتر بخرێتە سەریان، كاتێك باج دەخرێتە سەر كەلوپەل و بەرھەمی ئێران و توركیا لە بازاڕەكانی جیھان بەھایان گرانتر دەبێت و خەڵكێك ناچار نین بەرھەمی ئەو وڵاتانە بە بەھایەكی بەرزتر بكرن."

ھەرێمی كوردستان بۆ پڕكردنەوەی بازاڕ زیاتر پشتی بە كاڵا و بەرھەمی دەرەوە بەستووە و لە كاتی ھەبوونی قەیرانی ئابووری لە ناوچەكەدا زیاتر ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە كە داھاتیان زیاتر لەسەر بەرھەمی ناوخۆیە، دكتۆر ئەیوب سماقەیی، پسپۆڕی ئابووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "منیش پێم وایە  سەپاندنی سزا بەسەر وڵاتانی دراوسێدا كاریگەریی ئەوتۆی لەسەر ھەرێمی كوردستان نابێت، بە پێچەوانەوە بەشێك لە بەرھەمی توركیا و ئێران هەرزانتر دەبێت، چونكە ئابووریی ھەردوو وڵاتەكە بەرەو ڕووخان دەچێت و پێ دەچێت قاتوقڕی و گرانی ھەردوو وڵاتەكە بگرێتەوە."

 

قائید میرۆ

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار