٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حازم تەحسین بەگ: کۆمەڵکوژیی ئێزدییان بەردەوامە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- وەکیلی میری ئێزدیان دەڵێ، زیاتر لە چوار ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی ئێزدییاندا تێپەڕی، ئەو کۆمەڵکوژییە ویژدانهەژێن و ناخهەژێن بوو، کەچی ئێستایش کۆمەڵکوژی ئێزدیان بەردەوامە.

 

ئەمڕۆ لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان یەکەمین کۆنفراسی تایبەت بە جینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزدی بەڕێوە چوو، لەو بارەیەشەوە، حازم تەحسین بەگ گوتی: "بۆیە ئەم کۆمەڵکوژییە بۆ ئێزدییان ناخهەژێن بوو، چونکە بەسەدان خەڵکی سڤیل کوژران و بە هەزاران کچ و ژنانی ئێزدی ڕفێنڕان و تا ئێستا ئەم کۆمەڵکوژییە بەردەوامە."

 

حازم تەحسین بەگ گوتی: "تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و ٢٠٠ کەسی ئیزدی لە دەست داعشدا ماون و چەندین گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزرانەوە و زیاتر لە ٣٥٠ هەزار کەس لە نێو کەمپەکاندا ژیان بەسەر دەبەن، ئێمە وەک میرانی ئێزدییان و ئەنجومەنی باڵای ڕۆحانی ئێزدییان داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی نەتەوەیەکگرتووەکان و حکوومەتی بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین هەرچی زووە هاوکاریی ناوچە ئێزدییەکان بکەن و بەتایبەت شنگال ئاوەدان بکەنەوە و قەرەبووی خەڵک بکەنەوە و ئەم کەیسە بە جینۆساید بناسرێت، وەک چەند پەرلەمانانی ئەورووپا بڕیاریان لەسەر بەجینۆسایدناساندنی ئێزدییان داوە، بۆ ئەوەی متمانەت خەڵک بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێتەوە و سەقامگیری بەرقرار بکریت."

 

وەکیلی میری ئێزدییان دەشڵێ: "خوازیارین لە حکوومەتی بەغدا و هەرێم هاوکاریی ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکەن و هەموومان هاوکاری بکەین بۆ ئەوەی ئەوانەی دەستیان لە داعشدا هەبووە سزا بدرێن."

حازم تەحسین بەگ ئاماژەیشی دا: "سوپاسی هەڵوێستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەکەین کە ڕایگەیاندبوو پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ دەگەیەننە ئێزدییان و مەسیحیان. سوپاسی هەڵوێستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەکەین بۆ کردنەوەی نووسینگەیەکی تایبەت بە ڕزگارکردنی ڕفێنراوەکان، یەکێک لە ڕفێنراوەکانیش نادیا موراد بوو، ئەویش بووەتە باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوەیەکگرتووەکان."

کــاروان بــــاعەدری


 

هەواڵی پەیوەندیدار