پاککردنەوەی لیستی دەنگدەران، هەزاران هاووڵاتیشی لە دەنگدان بێبەش کردووە

هەولێر-KDP.info- هەزاران کوردی دانیشتووی هەرێم بێبەش کراون لە دەنگدانی ناوخۆ و، دەزگای هەڵبژاردنی پارتییش هۆکارەکەی دەگەڕێنتەوە بۆ شێوازی رێکخستنەوە و پاککردنەوەی لیستی دەنگدەران، کە لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە ئامادە کراوە.
دوای نەمانی رژێمی بەعس، ئەو کوردانەی کە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون و لە ناوچەکانی سنووری هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون، فۆڕمی خۆراکیان گوازراوەتەوە سەر ناوچەکانی پێشووی خۆیان، بەو هۆیەشەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە ٣٠ی مانگی ٩ـدا ئەنجام بدرێت، ناتوانن دەنگ بدەن.
ئەحمەد یاسین، کە یەکێک لەو کوردانە بووە لە مووسڵ نیشتەجێ بووە، وەکوخۆی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، ٢٢ ساڵە لە هەولێر نیشتەجێیە و لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پێشووی هەرێمدا دەنگی داوە، بەڵام لە ئێستادا کە بەدواداچوونی بۆ ناوی کردووە، پێیان ڕاگەیاندووە، ناوت لە لیستی دەنگدەراندا گوازراوەتەوە مووسڵ و ناتوانی لە دەنگدانی ناوخۆدا بەشدار بیت.
ئەو هاووڵاتییە، نیگەرانیی خۆی بۆ ئەوە گێڕایەوە، کە ساڵانێکە نیشتەجێی هەولێرە و دەیەوێت لە هەڵبژاردنی ناوخۆی هەرێمدا بێبەش نەبێت لە دەنگدان، داوایش لە حیزب و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، کارێکیان بۆ بکرێت، تاوەکو ئەوانیش وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکەی ئەم هەرێمە، بۆیان هەبێت بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن و دەنگ بدەن بەو لایەنەی کە مەبەستیانە.
کاوە گەردی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "راستە هاووڵاتییەکی زۆری دانیشتووی هەرێمی کوردستان، کە پسوولەی خۆراکیان سەر بە ناوچەکانی هەرێم نییە، ناتوانن دەنگ بدەن".
کارگێڕی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، هۆکاری بێبەشبوونی ئەو هاووڵاتییانەی لە دەنگدانی ناوخۆ بۆ پاککردنەوە و رێکخستنەوەی لیستی دەنگدەران گێڕایەوە، کە لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە بەپێی پسوولەی خۆراک کراوە، کە تەنیا دەتوانن لەو ناوچانەی خۆیان بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن، نەک لەسەر بنەمای شوێنی نیشتەجێبوون.
گوتیشی "ئێمەش دەبێت، پشتگیریی کۆمسیۆن بکەین، تاوەکو هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوە ببرێت."
خێڵان بەختیار




