٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ھەولێر ھەشتا پڕۆژە تەواو دەکرێن و ھۆشداری دراوەتە خاوەنەکانیان

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- لیژنەیەکی باڵا بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆژەکانی موساتەحە و پڕۆژە تەواو نەکراوەکانی پارێزگای ھەولێر پێک ھاتووە و گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێریش دەڵێ، حەفتەیەک مۆڵەتمان بە خاوەنپڕۆژەکان داوە سەردانی شارەوانی بکەن.

ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر پڕۆژە و باڵەخانە بە ھۆکاری جیاواز تەواو نەکراون. ئەندازیار کرمانج دەشتەکی، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد: "لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە لیژنەیەکی باڵا پێک ھاتووە و نوێنەری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش تێیدا بەشدارە بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆژەکاندا."

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر دەڵێت: "زۆرن ئەو پڕۆژانەی تەواو نەکراون، بەتایبەتی ئەوانەی بە شێوەی موساتەحە دراون بە بازرگانان و نەیانتوانیوە تەواوی بکەن، بێگومان شارەوانی گرێبەستی لەگەڵ خاوەنپڕۆژەکان کردووە و دەشبێت پابەند بن بەو گرێبەستەوە."

ئەندازیار کرمانج دەشتەکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە قۆناغی یەکەمدا لیژنەکە ماوەی حەفتەیەک مۆڵەتی داوە بە ٢٨ پڕۆژە تا سەردانی شارەوانی بکەن و دەست بە تەواوکردنی پڕۆژەکانیان بکەن، بەپێچەوانەوە ھەرکەسێک پابەند نەبێت ئەوە حکوومەت ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەریان دەگرێتە بەر."

ئەندازیار کرمانج دەشتەکی مەبەستی حکوومەتی لەو ھۆشدارییەی دراوەتە خاوەنپڕۆژەکان ئاشکرا کرد و گوتی: "دوو مەبەستی سەرەکیمان ھەیە، یەکێک ئەوەیە تا دەرفەتی کار بڕەخسێت بۆ گەنجان و ھاووڵاتییان، مەبەستی دووەم ئەوەیە ئەو دیمەنە ناشیرینانەی ھەندێ باڵەخانە سیمای پایتەختیان شێواندووە، لە قۆناغی دووەمدا جگە لەو ٢٨ پڕۆژەیە ٥٠ پڕۆژەی دیکە ھۆشدارییان دەدەینێ پابەند بن بە تەواوکردنی پڕۆژەکان."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار