٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"كوردستان چاوەڕێی عێراقە بۆ گواستنەوەی مووچەی شەھیدان بۆ سەر بەغدا"

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ گواستنەوەی مووچە و ئیمتیازاتی شەھیدان بۆ سەر حكوومەتی عێراق، نامەیەكی ئاڕاستەی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە.

ئەمڕۆ وەزیری كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان، مەحموود حاجی ساڵح، لە كۆنفڕانسێكی ڕژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: "پێشتر بە مەبەستی جێبەجێكردنی بڕیارێكی پەرلەمانی عێراق لەبارەی لەئەستۆگرتنی مووچەی شەھیدان و زیندانیانی سیاسیی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، نامەیەكی ئاڕاستەی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە".

پەیوەست بەمە، وەزیری كاروباری شەھیدان و ئەونفالكراوان، گوتیشی: "لە بەرانبەر ئەو نامەیەی ھەرێمی كوردستاندا، لە ڕۆژی ٣١ی ٧ی ٢٠١٨، لەلایەن نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە، نووسراوێك بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوە، تێیدا داوا كراوە، بەدواداچوونی جیددی بكەن لەسەر نووسراوەكەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ گواستنەوەی مووچە و ئیمتیازاتی شەھیدان بۆ سەر حكوومەتی عێراق". دەشڵێ: "ئێمە چاوەڕێی ئەو وادەیەین كە داوا كراوە تاوەكوو بچینە بەغدا و لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ بكەین."

حاجی ساڵح، ڕوونیشی دەكاتەوە: "كەسوكاری شەھیدان و كیمیابارانكراوان و ئەنفالكراوان، ٧٩ ھەزار و ١٦٠ كەسن كە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێ، ئەوانە مووچە و زەوی و كرێی خوێندن و چەندان شتی دیكەیان بە شێوەی جۆراوجۆر پێ دەدرێ، مانگانە زیاتر لە ٣٤ ملیار دینار پارەیان بۆ خەرج دەكرێ".

 ھەروەھا دەشڵێت: "٢٠ ھەزار و ٥٦٣ زیندانیی سیاسی ھەن و لە بەردەم دادوەردا سوێندیان خواردووە، بەڵام تەنیا ٥ ھەزار و ١٥٧ كەسیان مینحەی مانگانە وەردەگرن و مانگانە ٢ ملیار و ٥١٦ ملیۆن دینار وەردەگرن."

وەزیری كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان، لە كۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەكەدا ئاشكراشی كرد: "كۆی گشتیی خەرجیی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی، مانگانە ٣٧ ملیار و ٢٨٥ ملیۆن دینار دەبێت كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دابەشی دەكات، بەڵام سیستمی مووچەی بەغدا، جیاوازی ھەیە لەگەڵ كوردستان، بۆیە مووچەكانی كوردستان وەك بەغدای لێ دێت."

 

فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار