٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاكرەیی: جموجۆڵی بازرگانی زیادی كردووە و گوشارێكی زۆر كەوتووەتە سەر سنوورەكان

سەرچاوە: KDP.info
 
ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و ئێران گوتی، بە ھۆی دابەزینی بەھای تمنەوە، جموجۆڵی بارزگانی بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە. دەشڵێ، ھیچ بڕیارێك نییە بۆ ئەوەی ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر ئێران، ئێمەیش پێیەوە پابەند بین.
 
ئەمەریكا، گەمارۆی ئابووریی خستووەتە سەر ئێران و ئەمەیش بووەتە ھۆی ئەوەی  رۆژ بەرۆژ بەھای تمەن بەرانبەر بە دۆلار بێتە خوارێ، سەرۆكوەزیرانی عێراقیش لێدوانێكی دابوو بەوەی كە ئەوانیش پابەندی بڕیارەكانی ئەمەریكا دەبن بۆ گەمارۆخستنەسەر ئێران.
لەبارەی ئەوەی چ گۆڕانكارییەك لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا كراوە لە نێوان ھەرێم وئێراندا دوای گەمارۆكەی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و ئێران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گەمارۆكەی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، ھیچ كاریگەرییەكی نەرێنیی بۆ ئێمە نەبووە، چونكە مامەڵەی ئێمە لە ھەرێم بە دۆلار و دینارە و ئێستا دۆلار و دینار بەرانبەر بە تمەن زۆر بەقیمەتتر بوون، ئەمەیش وای كردووە بازرگانان ئەگەر پێشتر یەك بارھەڵگر كەلوپەلیان ھێنابووایە، ئێستا چوار بارھەڵگر بە نرخی یەك بارھەڵگری پێشوو دەھێنن، جگە لەوە خەڵكیش بە شێوەیەكی بەرچاو گەشتی ئێران دەكەن كە گوشارێكی زۆر كەوتووەتە سەر سنوورەكان و رۆژانە ٣ھەزار كەس سەردانی ئێران دەكەن، بۆیە ئەم گەمارۆیە كاریگەریی ئەرێنیی ھەبووە نەك نەرێنی".
 
ئاكرەیی گوتیشی، لە ئێستادا كەلوپەل زۆر بووە و دەرفەتی كار زیاتر بووە و جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانییش زۆر زیادی كردووە.
 
سەبارەت بەوەی ھەرێم تا چەند پابەندی بڕیارەكانی ئەمەریكا دەبێت بۆ گەمارۆخستنەسەر ئێران، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و ئێران گوتی، لە ھەرێمی كوردستان تا ئێستا ھیچ بڕیارێك نییە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران رابگیرێت، "ئێمە نابینە ھۆی ئەوەی بازرگانی بوەستێت، چونكە میللەتی ئێمە پێویستی پێ ھەیە، بەڵام ئەگەر حكوومەتی عێراق بڕیارێكی سەرتاسەریی دا بۆ ھەموو خاڵە سنوورییەكان، ئەوكات ناچارین جێبەجێی بكەین".
 
 
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار