دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی زیاتر لە 10 هەزار منداڵی بێسهرپهرشت دهكات

ههولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڕیاری دا بە دابەشکردنی 8 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری بەسەر زیاتر لە 10 هەزار منداڵی بێسهرپهرشت له هەرێمی کوردستاندا.
مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دوێنێ دووشەممە رایگهیاند "ئەم پرۆژەیە لە ساڵی 2009 دەستیپێکردووه، بە هاوبەشی لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی، پرۆژەکەش تاوەکو ئێستا بەردەوامە و ئەمڕۆیش زیاتر لە 8 ملیۆن و 302 هەزار دۆلار بەسەر 10 هەزار و 738 منداڵی ئازیز دابەش دەکرێت."
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتیشی، کە هەوڵیان داوە هێشتا ئەو پرۆژەیە بەرفراوانتر بکەن، وەک چۆن لە ساڵی 2011 و بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوانیان کرد و، ئەوکاتیش ژمارەیەکی دیکە لە منداڵان لە پڕۆەکانیان سوودمەند بوون.
مووسا ئەحمەد زانیاریی دا کە "21 هەزار منداڵ، کە لە پرۆژەکانی مانگی سووری ئیماراتی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، مانگی سووری کوەیتی و جارێکیش وڵاتی سعوودیا سوودمەند بوونە، بە درێژایی ئەو ماوەیەش 37 ملیار دینار بەسەر ئەو ئازیزانە دابەش کراوە".
موسا ئەحمەد ههروهها دەڵێت "ئەو منداڵانانەی کە دایک یان باوکیان بەهۆی کارەساتێکەوە لە دەست داوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی چۆن چەترێک بووە بۆ هەموو کەسێک کە پێویستی بە پشتگیری و هاوکاری هەیە، بۆ ئەوانیش هەوڵ دەدات ببێتە ماڵێک لە هەموو روویێکەوە و پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ دابین بکرێت، بە تایبەتیش پێدانی مووچەیەکی مانگانە".
گوتیشی، کە لە رۆژانی داهاتوودا لە پارێزگاکانی کوردستان، هەڵەبجەی شەهید، سلێمانی، گەرمیان، کەرکووک، دهۆک و هەولێر پرۆسەکە بەڕێوە دەچێت و، لە میانی ئەو پرۆسەیەشدا 10 هەزار و 738 منداڵی ئازیز سوودمەند دەبن.
کوردستان تی ڤی




