هیوا ئەحمەد مستەفا: خەڵك متمانەی بە پارتی هەیە، بۆیه دەنگەكانمان زیاد دەكەن

شەقڵاوە-KDP.info- بەرپرسی لقی 24ی پارتی لە شەقڵاوە دەڵێ: "بۆ هەڵبژاردن ئامادەین و پێداگری لەسەر ئەوەش دەكەین لە كات و ساتی خۆیدا بكرێت، لە سنووری لقی 24ـیش دەنگی پارتی زیاد دەكات، چونكە خەڵك بڕوای بە ئیدارەدانی پارتی هەیە".
ئەنجوومەنی وەزیران 30/9ی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كردووە، بۆ ئەو مەبەستە كۆمیسیۆنیش هەموو ئامادەكارییەكی كردووە و ئامادەیە بۆ رۆژی هەڵبژاردن، پارتی دیموكراتی كوردستانیش جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەبێت هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت و هیچ هۆكارێك نییە كە دوا بخرێت، هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی لقی 24ی پارتی لە شەقڵاوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: "هەموو ئامادەییەكمان تێدایە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت و پێداگرییش لەسەر ئەوە دەكەین، لەبەر ئەوەی ئەو وادەیەی دانراوە، خۆمان بۆ ئامادە كردووە، مەكتەبی هەڵبژاردن لەناو لق، ئۆرگانەكانمان، لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ هەڵبژاردن، هەر كاتێك بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێ كرد، ئێمەش دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەین و نەخشە و پلانی خۆمان جێبەجێدەكەین، بۆیە نامانەوێت هەڵبژاردن دوا بكەوێت".
سەبارەت بەوەی تا چەند دەنگی پارتی ئەمجارە لە سنووری لقی 24 زیاد دەكات؟ هیوا، گوتی: "لە سنووری لقی 24 دەنگی پارتی زیاد دەكات، هەوڵی ئەوەمان داوە و لە داهاتوودا هەوڵی زیاتریشی بۆ دەدەین، خەڵك بڕوای بە ئیدارەدانی پارتی هەیە، دامودەزگا ئەمنییەكانی پارتی توانییان كوردستان بپارێزن، پارتی توانی ببێتە هەوێنی ئاشتی و سەقامگیری، بۆیە چاوەڕوان دەكەین نەك دەنگەكانی خۆمان بهێنینەوە، بەڵكوو زیادیشی بكەین، ئاخر پارتی ڕابەرایەتیی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان دەكات، ڕابردووی هەیە لە ئیدارەدانی وڵات، ئاشتی، ئاوەدانی و خوشگوزەرانی بۆ وڵات هێناوە، بۆیە خەڵك متمانەی زۆری بە پارتی هەیە".
ڕابین شێروانی




