٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"شنگال بەبێ پێشمەرگە ئارامی بەخۆیەوە نابینێ"

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ئەو خیانەتە گەورەیەی لە کەرکووک کرا بوونەتە هۆی ئەوەی حەشدی شەعبی دەست بەسەر چەندین ناوچەی دیکەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەریمدا بگرێت و شنگالیش یەکێکە لەو ناوچانە.

بە گوتەی شنگالییەکان، حەشدی شەعبی خۆی لە شنگال سەپاندبوو، چەندین خرووقاتی لە شنگالدا دەکرد، سەرەڕای بەتاڵانبردنی ماڵ و مڵکی خەڵک. پێش دوو ڕۆژ حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق لە فیرقەی ١٥ بە بڕیارێکی حەیدەر عەبادی، بەبێ دیارکردنی هۆکار، لە سنووری نێوان عێراق و سووریا کشانەوە و لە نێو سەنتەری شنگالیشدا نەمان، جگە لە حەشدی ئێزدی.

کێ ئاسایشی شنگال بەڕێوە دەبات؟

دوێنێ ئێزدییەکانی نێو شنگال خۆپێشاندانیان کرد و داوایان کرد بۆ ئەمنییەتی شنگال پاراستنێکی نێودەوڵەتی هەبێت، چونکە ئێستا هیچ هێزیک لە شنگالدا نەماوە و هێزەکانی عیراقیش ڕیگا بە هێزی پێشمەرگە نادەن بگەڕێنەوە نێو شنگال. لەو بارەیەشەوە قاسم شەشۆ، فەرماندەیی فەرماندەییی شنگالی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "پێویستە هەرچی زووە پێشمەرگەی بگەرێتەوە ناوچە کوردستانییەکان، بەتایبەت شنگال، چونکە ئێستا بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی لە شنگال و ناوچەکە هەیە."

مەترسیی داعش

قاسم شەشۆ، ئاماژەیشی دا: "داعش لە ناوچەکانی بەعاج و جەزیرە هەیە و بە هاوکاریی عەرەبەکانی ناوچەکە، کە خۆیان دەستیان لە تاوانەکان هەیە، هاتوونەتە ناوچەکە و ئێستا لەسەر سنووری سووریا و عێراق هاتوچۆیان ئاسانە و مەترسیشیان لەسەر ئێزدییەکانی ناوچەکە هەیە." بە پێی هەواڵی میدیا عەرەبییەکان، دوێنێ لە ناوچەکانی بەعاج و سنووری سووریا شەڕ کەوتووەتە نێوان داعش و هێزەکانی عێراق و کوژراو و برینداریش هەبووە."

سەرباری ئەوەی شنگال لە داعش ڕزگار کرابوو، کەچی ٢ هەزار خێزانی ئێزدی لەسەر چیای شنگالن، نەیانویستووە بگەڕینەوە سەنتەری شنگال و چەندین جار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانیان دەگوت، بڕوامان بە حەشدی شەعبی نییە.


کـــاروان بـــاعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار