هۆشیار سیوەیلی و كۆنسووڵی ژاپۆن، پرسگەلێكیان تاوتوو كرد
هەولێر-KDP.info- هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازیی لە كۆنسووڵی گشتیی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان، كاتسومی موریاس و شاندی كومەڵەی دۆستایەتیی ژاپۆن و كوردستانی یەكێتیی قوتابیانی ژاپۆن كرد.
سەرەتا سیوەیلی بە ناوی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد كە یەكەم جاریانە سەردانی كوردستان بكەن بە مەبەستی پتەوكردنی دۆستایەتیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ژاپۆن بە گشتی و قوتابیانی هەردوولا بە تایبەتی. سیوەیلی ئەم هەوڵەی قوتابیانی ژاپۆنی بەرز نرخاند و دووپاتی هاوكاری و ئاسانكاری كردەوە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.
لە بەرانبەردا، كۆنسووڵی گشتی سوپاسی سیوەیلی و مەكتەبی پەیوەندییەكانی كرد بۆ ئەو پێشوازییە و پێشكەشكردنی هەماهەنگی و ئەو ئاسانكاریانەی كە بۆ قوتابیانی وڵاتەكەی كراوە بۆ زیاتر ئاشنابوون بە بارودۆخ و كولتوور و جوگرافیای كوردستان. موریاس باسیشی لە گرینگیی ئاڵوگۆڕی كولتووری و زانستی كرد لە نێوان نەتەوەكاندا.
لە میانەی ئەو دیدارەدا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان سوپاسی حكوومەتی ژاپۆنی كرد بۆ بەردەوامبوون لە پێشكەشكردنی هاوكاری و جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژەی گرینگ و ستراتیژی لە هەرێمی كوردستان.
سوەیلی، هاتنی شاندی كۆمەڵەی دۆستایەتیی ژاپۆن – كوردستان و قوتابیانی ژاپۆنی بە گرینگ زانی و ڕاگەیاند، ئاڵوگۆڕی زانست و هاتوچۆی قوتابی لە نێویاندا زانكۆ و ڕێكخراوەكان بۆ ناساندن و ئاشنابوون، نەك تەنیا گاریگەری و گرینگیی زانستی هەیە، بەڵكوو پێداویستییەكی گرینگی دیپلۆماسی و كولتوورییە و كارێكی گرینگە و پێوستە هەموو لایەكمان ئاسانكاری و هاوكاریی قوتابیانی هەردوولا بكەین، تاكو ببنە پردی پەیوەندی و دەوڵەمەندكردنی كولتوور و ئاشنابوون بە مێژووی هەردوو نەتەوە، لە هەمان كاتدا بە هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی، ڕوو لە داهاتوویەكی گەش بكەین و كار لەسەر پەرەپێدانی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بكەین، بۆ ئەم ئەركە گرینگەیش قوتابیان و گەنجان دەبێت سەرمەشق بن.
ئەو هەروەها گوتی: "دووپاتی هاوكاری دەكەینەوە و هەر ئەركێك و كارێك لە ئێمەوە پێویست بێت بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەكان دەیكەین و، هیواخوازیشین لەو ڕێگایەوە بتوانین پەیوەندییە دیپلۆماسی و سیاسی و ئابووری و كولتوورییەكانمان بەهێزتر بكەین".




