وەزارەتی بازرگانی: بە دانانی خاڵی گومرگی لە نێوان هەولێر و كەركووكدا ڕازی نین

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێم گوتی، حكوومەتی عێراق داوای كردووە كە لە نێوان هەولێر و كەركووكدا خاڵی گومرگی هەبێت، بۆ ئەوەی پارە لە هاوردەكردن و ناردنی كەلوپەل وەربگیرێت، بەڵام ئێمە ڕەتمان كردووەتەوە، چونكە ناكرێت لە نێوان دوو شاردا خاڵی گومرگی هەبێت.
لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، رێگای نێوان هەولێر _كەركووك داخراوە و هێشتا نەكراوەتەوە، لە ئێستایشدا گفتوگۆ دەكرێت بۆ كردنەوەی رێگاكە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەگەییشتوونەتە رێككەوتن و خاڵی ناكۆكیی نێوانیان، دانانی گومرگە كە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە داوا كراوە و حكوومەتی هەرێمیش ڕەتی دەكاتەوە.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەكو هەرێم داوامان كردووە خاڵی گومرگی عوزێم كە بە ناوی سەفرا ناسراوە لابدرێت، كە حەشدی شەعبی لەوێ بە ئارەزووی خۆی گومرگ لە بازرگانانی هەرێم وەردەگرێت لە هەزار دۆلارەوە تاوەكو چوار هەزار دۆلار، ئەمەیش پێچەوانەی دەستوور و یاسایە، بۆیە بە هیچ شێویەك رازی نابین خاڵی گومرگی لە نێوان هەولێر و كەركووكدا دابنرێت".
ئەدهەم گوتیشی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە داواكاریی حكوومەتی عێراق رازی نەبووە و، بگرە داوامان كردووە ئەوانی دیكەیش لابدرێن، چونكە هەوڵێك هەیە بۆ تەوحیدی رەسمی گومرگی لە عێراق و هەرێمی كوردستان و، تاوەكو ئێستاش چەندین دانیشتن ئەنجام دراون و هەر كاتێك رێككەوتن كرا، ئەو وەختە ئەوەی عوزێمیش لابدرێت، چونكە ناكرێت لە ناوخۆی عێراق گومرگ لە خەڵك وەربگیرێت".
دەشڵێ: "بە هۆی دانانی گومرگی سەفراوە، زۆرێك لە بازرگانان رێرەوی بازرگانیی خۆیان لە ئیبراهیم خەلیلەوە بۆ ئومقەسر گۆڕیوە، چونكە پارەیەكی زۆریان لێ وەردەگیرێت بە بێ ئەوەی هیچ یاسایەكیش هەبێت كاری پێ بكەن".
بڵند ئیبراهیم




