"جووڵانەوەی داعش له بەعاج و جەزیرە مەترسیی بۆ سەر شنگال هەیە"
__2018_08_07_h18m7s18__HK.jpg)
شنگال-KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ ئاماژەی دا، جووڵانەوەی داعش لە ناوچەکانی بەعاج و جەزیرە مەترسییەکی گەورەی لەسەر تەواوی ناوچەکە هەیە، بەتایبەت لەسەر شنگال.
بەگوێرەی زانیرای چاودێرانی سیاسی، دەرەوازی سنووریی نێوان عێراق و سووریا پەناگەیەکی ئارام بوو بۆ هاتوچۆکردنی داعشەکان و هەر لەو سنوورەشەوە کاری بازرگانیی چەک و نەوت تا دەگاتە مرۆییشیان دەکرد.
لەو بارەیەشەوە، نایف سەیدۆ، لە لێدوانێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەڵێت: "داعش لە ناوچەکانی بەعاج و جەزیرە هەیە لە ڕووی جوگرافییەوە ئەو ناوچانە لە شنگال نێزیکن و مەترسییەکی زۆر لەسەر شنگالدا هەیە، چونکە هەندێک خێزان گەڕاونەتەوە باکووری چیای شنگال."
ئەو گوتیشی: "ئێستا داعش چالاکییەکانی لەو ناوچەیەدا دەکات و دەبێ ئێزدییانی شنگال ئاگایان لە خۆیان بێت، ناکرێ بڕوایان بەو هێزانە بێت کە ڕۆژێک دێن و ڕۆژێک دەچن."
پەیوەست بەم پرسە، بابەکر زێباری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندبوو: "داعش لە ناوچەکانی بەعاج و چەندین ناوچەی تر خەریکی خۆڕێکخستنە و هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق، بەتایبەت داعش جووڵەی هەیە لەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی عێراقدان."
ئەمە لە کاتێکدایە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئازادکردنی تەواوی خاکی عێراقی لە داعش ڕاگەیاندبوو، بەڵام پێش چەند حەفتەیەک هاوپەیمانان بە هاوکاریی هێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە چیای قەرەچۆخ دژی داعش ئەنجام دا.
هاوکات قاسم شەشۆ، فەرماندەی فەرماندەییی پێشمەرگەی شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: "زانیاریمان هەیە کە داعش لەو ناوچانە هەیە و هێزەکانی عێراق ئاگاشیان لێ نییە و ئەوان لە ڕیگای سنوورەوە دێنە ئەو ناوچانە و دەبنە مەترسی بۆ سەر شنگال و ئەو داعشانە هەموو ئەوانەن کە دەستیان لە تاوانی ئێزدییاندا هەبووە."
هێزێکی ئەمەریکایی لە ناوچەکانی ئوم زیبان و ئوم جرێس خۆیان جێگیر کردبوو، وەک شارەزایان پێیان وابوو ئەو هێزە بۆ چەند مەرامێک هاتبوونە ناوچەکە، بەڵام بۆ ماوەی چەند مانگێک لەوێ مانەوە و دواتر بەجێیان هێشت، هەر لە دوای دەرچوونی ئەو هێزە جارێکی تر داعش جمووجووڵی لە ناوچەکە دەست پێکردەوە."
کــاروان بـــاعەدری




