٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پارتی بەشدار نییە لە دانانی پۆستە ئیدارییەکانی ھەڵەبجەدا"

سەرچاوە: KDP.info

 

هەڵەبجە-KDP.info- یەکێتی و گۆڕان کاندیدیان بۆ پارێزگار و جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە دیاری کردووە و بەرپرسێکی پارتیش لە ھەڵەبجە دەڵێت، ئەوان لە ئیدارەی ھەڵەبجەدا بەشدارییان نەکردووە و تەنیا ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتییە، بەڵام بۆ دیاریکردنی ئەنجومەنی پارێزگا، پەرلەمان بڕیار دەدات.

 

بەسام عەلی، بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی لە ھەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دانانی پارێزگار و جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە لە لایەن یەکێتی و گۆڕانەوە درێژکراوەی ڕێککەوتنی نێوانیانە بۆ ئیدارەی خۆجێی سلێمانی و پارتیمان بە ھیچ شێوەیەک بەشداری ناکات لە دانانی ئەو پۆستە ئیدارییانەی لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە ھەن، بەڵام وەک حزب بە ھەموو شێوەیەک پشتگیریی ئەوەین ئیدارەیەکی باش ھەبێت بۆ ڕاییکردنی کاروباری ھاووڵاتیان و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە دەڤەری ھەڵەبجە."

 

دەربارەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵەبجەش بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "کێشەی دانانی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵەبجە ھەر بە ھەڵواسراوی ماوەتەوە و نەگەیشتووین بە ڕێککەوتن، دیارە لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان نزیک دەبینەوە، کەچی ھێشتا ئەنجومەنی پارێزگا لە ھەڵەبجە دەستبەکار نەبووە."

 

بەسام عەلی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لەگەڵ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان پێویستە پەرلەمانی کوردستان یاسایەک دەر بکات بۆ چۆنییەتیی دانانی ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵەبجە، چونکە بە پێی یاسای پێشتر دیاریکردنی ئەندامانی ئەنجومەن بە دامەزراندنە، نەک بە ھەڵبژاردن، بەڵام ئەگەر پەرلەمانی بڕیارێک بدات ئەو کات دەتوانرێت بۆ پارێزگای ھەڵەبجەش بە ھەمان شێوەی پارێزگاکانی دیکەی ھەرێم ئەنجومەنی پارێزگا بە ھەڵبژاردن بکرێت."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار