٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سۆران سێوكانی: دەبێ رێكاری توند لە دژی مەلا توندڕەوەكان بگیرێتە بەر

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- نووسەرێكی بواری هزری ئیسلامی سیاسی، رەخنە لە شێوەی بیركردنەوەی حزبی ئیسلامی سیاسی دەگرێت بەوەی نەیانتوانیوە ڕێ لە بیری توندڕەوی بگرن، چونكە دواجار بیركردنەوە و بڵاوكردنەوەی بیری توندڕەوی، لە هەناوی ئەو حزبانەوە ئاراستە دەكرێت كە دیارترین نموونەیان تێوەگلانی دوو مەلای ئایینییە لە پرسی تیرۆر.
 
دوای دەستگیركردنی تۆڕێكی تیرۆریستیی داعش لە شاری هەولێر و دواتر بڵاوكردنەوەی دەقی ددانێدانانی تاوانەكانیان، داوا دەكرێت هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوەی خەڵك دەست پێبكرێت تا چاودێری لەسەر ئەو كەسانە دابنرێت كە بە ناوی مامۆستای ئایینییەوە خەڵكی بۆ توندوتیژی هان دەدەن، بۆیە چاودێران پێیان وایە، پێویستە رێكاری توند لە دژی ئەو گوتاربێژانە بگیرێتە بەر كە هانی توندوتیژی دەدەن، چونكە لە دواكاردانەوەدا ئاساییشی هەولێر داوای رادەستكردنی پێشنوێژ و گوتارخوێنی پێشووی مزگەوتێكی شاری هەولێر دەكات كە لە هاندانی خەڵك بۆ چوونەناو داعش تێوە گلاوە، ئەمە لە كاتێكدا سەرۆكی تۆڕە تیرۆریستییەكەی داعش لە هەولێر، پێشتر گوتارخوێنی مزگەوت بووە.
 
سۆران سێوكانی، نووسەری بواری هزری ئیسلامی سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "دەبێت هەموو لایەك ئەوە بزانن كە مزگەوت یەكێكە لە دامەزراوەكانی حكوومەت، بۆیە دەبێت گوتارخوێن و كارمەندەكانیشی لەلایەن حكوومەتەوە دابنرێن و لەوێشەوە رێكاری ئیدارییان بۆ بكرێت، هەروەك چۆن گرینگە لەمەودوا لە ئاستی گوتاردانیش حكوومەت خۆی لە رێگای بەرنامەیەكەوە گوتاری مزگەوتەكان رێك بخاتەوە، ناشكرێت هەر كەسێك دوو وشەی زانی، یەكسەر بخرێتە سەر مینبەری مزگەوت، چونكە ناشێ كەسێك گۆشكراوی هزری داعشیزم بێت و بە شێوەیەكی دیكە لە مینبەری مزگەوتەوە بیفرۆشێتەوە بە خەڵكی، دەبێت گوتاری مزگەوت بكرێتە گوتارێكی رێكخراوەیی و فەرمی، ناشكرێت لە دەرەوەی پرۆگرام خەڵكانێك لەمینبەری مزگەوتەوە قسە بكەن".
 
سێوكانی گوتیشی: "دەبێت سەرجەم ئەو مامۆستا ئایینیانەی لە مزگەوتەكانەوە گوتار دەدەن، دەرچووی پڕۆگرامێك بن كە حكوومەت دیاری دەكات، ئەگەرنا ئەوەندە خاتری حزبە ئیسلامییەكان گیرا و ئەوەندە لە دژی حكوومەت كەمپینیان راگەیاند، تا دواجار كۆمەڵێك كادیری توندڕەوی ئەو حزبانە لەگەڵ داعش دەستیان تێكەڵ كرد، بۆیە ناكرێت لەم پرسەدا خاتریان بگیرێت".
 
ئەو هەروەها ئاماژەیشی دا: "دەبێ خەڵك هۆشیار بكرێتەوە لە هەر حاڵەتێكی نامۆ لەناو مزگەوتەكاندا، لە چپەچپ و كۆبوونەوەی چەندكەسی و، خەڵك ببێتە چاودێر لەسەر ئەو گوتاربێژانەی كە هانی توندوتیژی دەدەن، چونكە بەشێك لەو مەلا توندڕەوانە سوودیان لە نەخوێندەواریی خەڵكی فەقیر و گەنجی تازەپێگەییشتوو وەرگرتووە، گرینگە گوتاری جیهادی هێڵی سوور بێت و ئیجرائاتی خێرای لە دژ بگیرێتە بەر، ناشكرێت چەند كەسێك بەناوی ئایینەوە خەڵك بە لاڕێدا ببەن".
 
سۆران سێوكانی، زیاتر لەو بارەیەوە قسە دەكات و پێی وایە، كە دەبێت وەزارەتی رۆشنبیری ئاگاداری كەناڵە لۆكاڵییەكانیش بێت، ئەو كەناڵانەی گوتاری ئایینی پەخش دەكەن، دەبێت پێشتر لە رێگای لیژنەیەكەوە وردبینیی بۆ گوتار بكرێت و دواتر بڵاو بكرێتەوە، چونكە بەشێك لە كەناڵەكان باكگراوندی ئیسلامی سیاسییان هەیە.
 
ئەو نووسەرە دەشڵێت: "ئەو بیركردنەوەیەی بناغەی ئیسلامی سیاسیی پێ دانراوە، خەریكە هانی توندوتیژی دەدات، بەشێك لە گوتاری حزبە ئیسلامییەكانیش لە هەناوی بیكردنەوەیەكی داعشییەوە هەڵقوڵاوە، مامۆستای ئایینیانیان هەیە تەكفیری پۆلیسی ئاگركوژێنەوە دەكات كە پیاوی دەسەڵاتە و خزمەتی كافر دەكات!!ئەی دەبێت چی بە پێشمەرگە و ئاساییش بڵێت؟!! مامۆستای ئایینی هەیە تەكفیری حكوومەت دەكات و دەیكاتە ئامانج، ئەی دەبێت چی بە دەزگا ئەمنییەكان بڵێت، بۆیە ئەم رووداوانەی دوایی سەرەتایەكە بۆ ئەوەی خەڵك سڵ بكاتەوە لە حزبە ئیسلامییەكان، چونكە بیركردنەوەی داعش لە ناخی حزبە ئیسلامییەكانەوە دەردەچێت، بە تایبەت حزبە جیهادییەكان".
 
 
 
راژیار هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار